بڕیاره سبه‌ی دووشه‌م له شارى هه‌ولێر، شانبه‌شانى وڵاتانى جیهانى و شانۆ و شانۆكارانى جیهانیی شانۆ، هونه‌رمه‌ند و شانۆكارانى كورد له كوردستان، یادى ئه‌و ڕۆژه ده‌كه‌نه‌وه و به‌و بۆنه‌یه‌وه له شارى هه‌ولێر ئاماده‌كارى ته‌واو كراوه بۆ یادكردنه‌وه‌ى ئه‌و ڕۆژه
هونه‌رمه‌ند هیوا سوعاد به‌رێوه‌به‌ڕى شانۆى هه‌ولێر به "وشه"ى راگه‌یاند: به بۆنه‌ى رۆژى جیهانیى شانۆ، سبه‌ی دووشه‌م 27ی ئادار/ مارسی 2017، به‌رێوه‌به‌ڕایه‌تیى هونه‌رى شانۆى هه‌ولێر به هاوكارى به‌شى شانۆى په‌یمانگه‌ى هونه‌ره جوانه‌كانى هه‌ولێر به نمایشكردنى چه‌ند چالاكییه‌كى شانۆیی و هونه‌رى، یادى ڕۆژى جیهانیى شانۆ به‌رز ڕاده‌گڕێت.
چالاكیه‌كان بریتین له داگیرسانى مۆم و پیرۆزكردنى ڕۆژى جیهانى شانۆ له‌لایه‌ن شانۆكاران ، وتارى ڕۆژى جیهانى شانۆ ، وتارى وه‌زاره‌تى ڕ‌ۆشنبیرى و لاوان، گوتارى به‌رێوه‌به‌ڕایه‌تى هونه‌رى شانۆى هه‌ولێر، ته‌مه‌نێك له‌به‌خشش و هه‌ڵدانه‌وه‌ى چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك كه هاوكاته له‌گه‌ڵ چله‌ى شانۆكارى كۆچكردوو ته‌ها ئاغا جان، هه‌روه‌ها مۆنۆدراماى "من و مار" نمایش ده‌كرێت له‌نواندنى "هێمن حه‌مه ڕه‌شید" و بیرۆكه‌ى دارا حه‌مه‌ده‌مین و نووسینى "كارخان كاروان" و ده‌رهێنانى "هۆگر ئه‌حمه‌د".
به‌یانى ڕۆژى دووشه‌م سه‌عات 10:30 له‌هۆڵى به‌رێوه‌به‌رایه‌تیى هونه‌رى شانۆى هه‌ولێر، پڕۆگرامى ڕۆژى جیهانى شانۆ ده‌ست پێ ده‌كات، هه‌مان ڕۆژ سه‌عات 3:30 له په‌یمانگه‌ى هونه‌ره جوانه‌كانى هه‌ولێر پێشوازى له‌شانۆكاران و میوانانى نمایشى جلوبه‌رگى یۆنانى و رۆمانى و میسرى ده‌كرێت به‌پێی سه‌رده‌مه جیاوازه‌كان له ئاماده‌كردنى سامان عومه‌ر، دواتر شانۆیی میدیا له‌ده‌رهێنانى شانۆكار محه‌مه‌د جه‌میل نمایش ده‌كرێت كه‌به‌رهه‌مى به‌رێوه‌به‌ڕایه‌تى شانۆى هه‌ولێرو په‌یمانگه‌ى هونه‌ره جوانه‌كانى هه‌ولێره.
هه‌روه‌ها ڕۆژى چوارشه‌م تیپى شانۆى پیره‌مه‌گرون سه‌عات 11ى به‌یانى له هۆڵى به‌رێوه‌به‌ڕایه‌تیی هونه‌ر و شانۆ، شانۆیی په‌یكه‌رى ئاڵتونى نمایش ده‌كات له نووسین و ده‌رهێنان و نواندنى ئومێد كه‌مال و یاریده‌ده‌رى ده‌رهێنه‌ر جه‌لال محه‌مه‌ده، به هاوكارى فه‌ره‌یدون به‌كر و ئاسۆ محه‌مه‌د.
شایه‌نى باسه چالاكیه‌كان به‌و بۆنه‌یه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت و چه‌ند چالاكیه‌كى تر له‌خۆده‌گڕێت .
وشه/ هه‌ولێر . شاخه‌وان شێخانى