خه‌ڵكانێكی زۆر كاتێك شه‌وان ده‌چنه نێو پێخه‌فه‌كانیان و ده‌یانه‌وێ پشوو بده‌ن و بخه‌ون، بیركردنه‌وه به‌رۆكیان ده‌گرێ و ڕێ نادات هه‌ست و عه‌قڵ و هۆش و جه‌سته‌یان به‌ته‌واوی خامۆش ببێ و بچێته نێو خه‌وێكی قووڵ و ئارامه‌وه، بۆچی ئه‌مه ڕوو ده‌دات و چۆن بتوانین له‌و گرفته ده‌ربازمان ببێت، فایما باكار پسپۆری بواری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌وباره‌وه بابه‌تێكی له پێگه‌ی هافنگتن پۆست بڵاوكردووه‌ته‌وه و چه‌ند ڕاستی و زانیارییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و گرفته ئاشكرا ده‌كات.
نووسه‌ر ده‌ڵێ، خه‌ڵكانێكی كه‌م هه‌ن له‌سه‌ر گۆی زه‌وی، كه كاتێك سه‌ر ده‌خه‌نه سه‌ر سه‌رینه‌كانیانه‌وه ده‌سبه‌جێ خه‌ویان لێ ده‌كه‌وێت و كاتێكی زۆر ناخایه‌نێت، ئیتر ئاگایان له دنیا نامێنێت و ده‌چنه نێو خه‌وێكی قووڵ و ئارامه‌وه، ئه‌گه‌ر تۆ له‌و جۆره كه‌سانه‌ی ئه‌وا له كێشه‌یه‌ك دووریت، كه زۆرینه‌ی مرۆڤه‌كان به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن، ئه‌ویش بریتییه له بیركردنه‌وه‌ی زۆر و قووڵ و هه‌ڕه‌مه‌كی له شتانی جۆراوجۆر له كاتی چوونه نێو جێگه و هه‌وڵدان بۆ خه‌وتن و پشوودان.
بیركردنه‌وه‌كان به‌رگری ده‌كه‌ن و ڕێگری ده‌كه‌ن له‌وه‌ی هۆش و عه‌قڵ و هه‌سته‌كانمان و جه‌سته خامۆش ببێ و پشوو بدات، بۆیه زۆرجار ئه‌و كه‌سانه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆره چوونه ناو جێگه، به‌ڵام خه‌ویان لێ ناكه‌وێت و جه‌سته و بیركردنه‌وه له ململانێدان، تا دواجار یه‌كێكیان ئه‌وه‌ی تر ده‌به‌زێنێت و خه‌و ده‌چێته چاوه‌كانمانه‌وه. به‌ڵام ئه‌و پرۆسه‌یه له سه‌عاتێك زیاتر ده‌خایه‌نێت، بۆیه بێ هیچ هۆكارێكی ڕژد و به‌شێوه‌یه‌كی خۆكارانه و هه‌ڕه‌مه‌كی بیركردنه‌وه‌كان سه‌عاتێكی پشوودانمان لێ ده‌به‌ن.
ئه‌و گرفته پێوه‌ست به‌وه نییه كه ئه‌و شتانه‌ی له‌ماوه‌ی ڕۆژدا ڕووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه، دووباره دێنه‌وه نێو هزر و بیركردنه‌وه‌مان، چونكه زۆرجار ئه‌و بیركردنه‌وه‌ی به‌ر له خه‌وتن به‌رۆكمان ده‌گرن، بابه‌تگه‌لێكن كه هیچ پێوه‌ندییان به‌وه نییه كه به ڕۆژ ئه‌نجاممان داوه، بگره زۆر دوورن له یه‌كتره‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی بیر له شتانێك ده‌كه‌ینه‌وه، كه ڕه‌نگه پێشتر ئه‌زموونیشمان نه‌كردبێت.
زۆربه‌ی جار بیركردنه‌وه‌كانمان شوێنمان ده‌كه‌ون
كارلی سیمز له ناوه‌ندی ڕاوێژی پزیشكی ده‌ڵێ، زۆربه‌ی جار بیركردنه‌وه‌كانمان شوێنمان ده‌كه‌ون و به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش ئه‌و بیركردنه‌وانه‌ی له شه‌و دێنه نێو عه‌قڵمانه‌وه پێوه‌ستن به‌و شتانه‌ی كه له ڕۆژ ئه‌نجاممان داوه، چاره‌سه‌رمان نه‌كردوون، یان كێشه‌یه و گرفتێكی ده‌روونی ڕووبه‌ڕوومان بووه‌ته‌وه، نه‌مانتوانیوه چاره‌سه‌ری بكه‌ین و بیری لێ ده‌كه‌ینه‌وه. بۆیه كاتێك ده‌چینه نێو پێخه‌وه و هیچ شتێك واته هیچ كردارێكی جه‌سته‌یی و بازوویی بوونی نامێنێت كه ئه‌نجامی بده‌ین، دووباره مێشك ئه‌و شتانه ده‌خاته‌وه نێو به‌رنامه‌ی بیركردنه‌وه‌مان، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی بۆ بدۆزینه‌وه، به‌ڵام زۆرجار كێشه‌كان گه‌وره و بێ چاره‌سه‌رن و پێوه‌ست نین ته‌نیا به خودی كه‌سه‌كه‌وه، بۆیه بیركردنه‌وه له هۆكار و ڕه‌هه‌نده‌كانی درێژه ده‌كێشن و سه‌ره‌نجام گرژی ده‌روونی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و كاتێك ده‌شخه‌وین، ناتوانین به‌شێوه‌یه‌كی قووڵ و ئارام بخه‌وین، به‌یانیش هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین، كه به باشی پشوومان نه‌داوه.
بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و گرفته‌یش، ئێف مینیزس كانگهام ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی به‌ریتانی بۆ ڕێنووێنی و چاره‌سه‌ری ده‌روونی ده‌ڵێ، یه‌كێك له كلیله‌كانی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته بریتییه له‌وه‌ی كه له ماوه‌ی ڕۆژدا زۆر كه‌م پشوو ده‌ده‌ین، واته هیچ سه‌رخه‌وێك ناشكێنین، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كه مێشك زۆر ئاڵۆز ببێت و هه‌موو پرۆسه‌كان بۆ كاتی به‌ر له خه‌وتن هه‌ڵبگرێت، بۆیه یه‌كێك له باشترین ڕێگه‌كان بۆ كۆتاییهێنان به‌و كێشه‌یه بریتییه له‌وه‌ی كه به ڕۆژ بۆ ماوه‌ی 30 خوله‌كیش بێ، پشوو بده‌ین و سه‌رخه‌وێك بشكێنین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پێویسته خوادنه‌وه گه‌رمه‌كان و پیاسه‌كردنێكی به ته‌نیا و بیركردنه‌وه له ڕۆژ و له كاته به‌تاڵه‌كان، هه‌موو ئه‌وانه یارمه‌تیده‌ر ده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی له شه‌ودا تووشی ئه‌و گرفته نه‌بینه‌وه.
به بڕوای شاره‌زایانی بواری ده‌روونیش باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و گرفته بریتییه له‌وه‌ی كه تۆمار و ده‌فته‌رێكی تێبینی ڕۆژانه‌مان هه‌بێت، سه‌رجه‌م ئه‌و شتانه‌ی له ڕۆژێكدا ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، به‌شێوه‌یه‌كی كورت له‌و ده‌فته‌ر و تۆماره بینووسینه‌وه و تۆماری بكه‌ین، ئه‌مه وا ده‌كات كه مێشك ئارامتر بێت و ئه‌و شتانه‌ی كه ئه‌نجاممان داوه به به‌رجه‌سته‌كراوی له تۆماره‌كه بوونی هه‌بێت نه‌ك له شه‌ودا ئاڵۆزییه‌كی چڕ دروست ببێت، بیر له‌وه بكه‌یته‌وه كه نیوه‌ڕۆ چیت خواردووه و یان له‌گه‌ڵ كێ قسه‌ت كردووه و چه‌ند كارت كردووه و بۆچی ئه‌م كاره‌ت به‌مشێوه‌یه كردووه، كه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه زۆربه‌ی جار به‌ر له خه‌وتن به‌رۆكمان ده‌گرن و ڕێ ناده‌ن پشوو بده‌ین و خه‌وێكی قووڵ و ئاراممان هه‌بێت.