مووچەی ئەم توێژە لە هەرێمی كوردستان زیاد دەكات

:: PM:04:34:26/03/2017 ‌

گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، پرۆسەی پشكنین بۆ كەمئەندامان بەردەوامی هەیە سەرباری ئەوەی لە هەندێك شوێن كێشەی تێكەوتووە و باسی زیادبوونی مووچەی كەمئەندامانیش دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 26ی ئاداری 2017 هەمزە زێوەیی گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان پرۆسەی پشكنین بۆ كەمئەندامان بەهۆی نەبوونی لیژنەی تەندروستی كێشەی تێكەوتووە، بەڵام پرۆسەكە تا ئێستە بەردەوامە.

زیاتر گوتی، لە هەندێك شارۆكە و شارەدێی نامانەوێت لیژنە تەندروستییەكەی هەمان ناوچە بن بۆ ئەوەی كارەكە دوور بێت لە واسیتە و یەكتر ناسین و لە شارێكی تر لیژنەكە بچێتە ناوچەكانی تر، بۆیە ئێستە سەرقاڵی چارەسەری ئەو كێشەیەن.

گوتەبێژەكەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژەی دا، بەشێك زۆر لە كەمئەندامان پشكنینیان بۆ كراوەتەوە و تا ئێستە نزیكەی 15%ی ئەوانەی پكشنین كراون دەرنەچوون و 20%ی خۆیان نەهاتوون بۆ پشكنینەكە.

لەبارەی زیادبوونی مووچەی كەمئەندامانی هەرێمی كوردستان زێوەیی گوتی، پێشتر نزیكەی حەوت ملیار بۆ مووچەكانیان تەرخان كرابوو، بەڵام لە ئێستەدا كراوە بە زیاتر لە نۆ ملیار دینار و دابەشی سەر 110 هەزار كەمئەندامی دەكرێت، بێگومان دوای پرۆسەی پشكنینەوەی كەمئەندامان مووچەی كەمئەندامان زیاد دەكات، چونكە رێژەی كەمئەندامان كەم دەبێتەوە.

هەمزە زێوەیی رای گەیاند، ئێستە هەر كەمئەندامێك ئەگەر مووچەی تری نەبێت، 90 هەزار دیناری پێ دەدرێت و ئەگەر مووچەی تری هەبێت 60 هەزار دیناری پێ دەدرێت، بۆیە دوای كۆتاهاتنی پرۆسەكە مووچەكانیان زیاد دەكات.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم