پشووی ژنانی دووگیان دەکرێتە سێ رۆژ

:: PM:04:53:26/03/2017 ‌

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئیتاڵیا، دەستی کرد بە هەڵسەنگاندنی پڕۆژە بڕیارێک، کە مەبەست لێی زیادکردنی پشووی هەفتانەیە بۆ ژنانی دووگیان و کردنی بە سێ رۆژ بۆیان، لە ماوەی دووگیانیدا.

بە گوێرەی ئەو یاسایە، خاوەن کاران ناچار دەکرێن بەوەی سێ رۆژ پشوو لە هەفتەیەکدا بدەنە ئەو کارمەندە ژنانەی کە دووگیانن، ئەمەش بە مەبەستی پشوودانیان لەوەی کە لەو ماوەیەدا زیاتر ماندوو دەبن و ئازاریان هەیە.

پڕۆژەکە لەلایەن چوار ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتەوە ئامادە کراوە و لە ئەگەری پەسندکردنیدا، ئیتاڵیا دەبێتە یەکەم وڵاتی ئەوروپا کە یاسایەکی لەو جۆرە دەربکات، بەڵام هەر یەکە لە وڵاتانی ژاپۆن و کۆریای باشوور لە رابردوودا هەمان یاسایان جێبەجێ کردووە.

بە گوێرەی یاساکانی وڵاتی ئیتاڵیا، ئەو ژنانەی منداڵیان دەبێت پێنج مانگ پشوویان وەک مۆڵەتی دایکایەتی پێ دەدرێت و لەو ماوەیەشدا %80ی مووچەی خۆیان هەر وەردەگرن، بەڵام لە دۆخێکدا ئەگەر ژنەکە ویستی مۆڵەتی زیاتر لەو پێنج مانگە بۆ چاودێریکردنی منداڵەکە وەربگرێت، ئەوا مانگانە %30ی مووچەکەی پێ دەدرێت.

جێی ئاماژەیە، ئەم پڕۆژە بڕیارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئیتاڵیا لە کاتێکدایە، کە لە وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی، دیاردەی منداڵخستنەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بۆیە پێدەچێت ئەمە وەک هاندانێک بێت بۆ بەرزکردنەوەی رێژەکە.

سەرچاوە/ سپوتنیک


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی