شوێنی خۆحەشاردانی ئەبوبەكر بەغدایی دیاری دەكرێت

:: PM:07:37:26/03/2017 ‌
دوو گەورە فەرماندەی تەناهیی عێراق باس لە شوێنی ئەبوبەكر بەغدایی سەركردەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەكەن و دووپاتی دەكەنەوە كە ئەو لە مووسڵ نەماوە و لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و سووریا خۆی حەشار داوە. 

عەمید یەحیا رەسووڵ گوتەبێژ بەناوی هێزە هاوبەشەكان لە مووسڵ رای گەیاند كە بەپێی زانیاریی هەواڵگری ئەبوبەكر بەغدایی سەركردەی داعش لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و سووریا خۆی حەشار داوە لەدوای ئەوەی كۆنتڕۆڵی مووسڵی لەدەست دا و هێزەكانی عێراق لە هەموو لایەكەوە گەمارۆی شارەكەیان داوە.

زیاتر گوتی، دەزگەی هەواڵگری عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگەكانی هەواڵگری وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش چاودێری هەموو هەڵسوكەوتێكی بەغدایی دەكەن و دوا زانیاریش باس لەوە دەكات كە ئەو خۆی لە سنووری نێوان عێراق و سورویا حەشار داوە. 

رەسووڵ روونی كردەوە، هەر لەگەڵ دیاریكردنی شوێنی خۆحەشاردانی بەغدایی بە یارمەتی هاووڵاتییانی مووسڵ و دەزگە هەواڵگرییەكان هەموو هەوڵێك بۆ لەناوبردن یان گرتنی و سزادانی دەدرێت.

لای خۆیەوە فەریق رووكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا فەرماندەی كردەوەگەلی قادیمون یا نەینەوا دووپاتی كردەوە كە بەغدایی لە مووسڵ نەماوە و زانیارییەكان باس لە بوونی لە ناوچەی جەزیرە لە نزیك سنوورەكانی سووریا بەتایبەتی لەو ناوچانەی كەو هێشتە ئازاد نەكراونەتەوە دەكەن، بەڵكو زانیاری وردتر هەیە بەوەی بریندار بووە و بۆ رەقە بردراوە و هیتریش ئەوەیە كە لە شارۆكەی بەعاج خۆی حەشار دابێت.

زیاتر گوتی، بەغدایی ئەو گرنگییەی بۆ ئێمە نییە، چونكە كۆنتڕۆڵی تەواوی زەوینی لەدەست داوە و ئەوانەشی شەڕ دەكەن بۆ داعش بەبێ فەرماندەیی ئەو كارە دەكەن، بۆیە رۆڵی ئەو لە ناوچەكەدا كۆتایی پێ هاتووە.

پێشتر هیشام هاشمی شارەزای ستراتیجیی عێراق ئاشكرای كردبوو كە بەپێی دوایین زانیارییەكان ئەبوبەكر بەغدایی سەركردەی داعش تا ئێستەش لە مووسڵە، بەڵام شوێن بۆ شوێن هاتوچۆ دەكات و دوا شوێن بەغدایی تیادا بینرابێت گوندی سەگار بووە لە شارۆكەی بەعاج لە رۆژئاوای مووسڵ. 

زیاتر گوتی، بەغدایی ناتوانێت لە ترسی بۆردمانی ئاسمانی بە كاروانی ئۆتۆمبێل هاتوچۆ بكات، بۆیە ئەو تەنیا بە ئۆتۆمبێلێك و لەگەڵ شوفێری تایبەتی خۆی و هەریەك لە سەعدەدین عانی هاوڕێی نزیكی و هەردوو پاسەوانی ئەبو موجەنەد سووری و ئەبو عەبدولەتیف جبووری هاتوچۆ دەكات.

هاشمی روونی كردەوە كە لەگەڵ بینینی یەكێك لەوانەی باس كران نیشانەی بوونی بەغداییە لەگەڵیاندا، چونكە ئەوان لێی جیا نابنەوە و ئۆتۆمبێلێكی ئاساییان پێیە كە گومانی لێ ناكرێت.

سەرچاوەكانی هەواڵگری عێراق باسی ئەوە دەكەن كە شارۆكەی بەعاج لە رۆژئاوای مووسڵ دەبێتە مۆڵگەی داعش لە بری مووسڵ، گەورە بەرپرسێكی عێراقیش لەو بارەوە دەڵێت كە دوای پەرەسەندنەكانی دوایی ئیتر داعش لە مووسڵەوە بەرەو رەقە پاشەكشە ناكات، بەڵكو بەعاج دەبێتە باشترین شوێن بۆی. 

زیاتر گوتی، چەكدارانی داعش دەتوانن بۆ چەند مانگێكی تر لە بەعاج خۆیان حەشار بدەن كە شارێكی عێراقییە لە دووری 100 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای مووسڵ و رووبەرەكەی 10 كیلۆمەتر سێجایە و لە رۆژئاوا پارێزگەی حەسەكەی سووریا و لە باشوور پارێزگەی ئەنبار و لە باكور رۆژهەڵاتیش زنجیرە چیای شنگال دەوری دەدەن، ئەو ناوچەیەكی هۆزنشینە و هۆزەكانی شمەر و عنزە و زوبێد و عەگیدات و سگور و عیال و شێخ و جبوور و هیتریشی تیادایە.

فوئاد عەلی شارەزا لە بواری گرووپە توندڕۆكان لەبارەی بەعاجەوە دەڵێت كە گونجاوە بۆ ئەوەی داعش بیكاتە بنكە و بارەگەی خۆی، ئەوەش بەهۆی سروشتی سەخت و رووبەری فرەوان و نزیكی لە سووریا و بیابانی ئەنبار و زنجیرە چیای شنگال كە چاوەڕوان دەكرێت تەمەنی داعش لە عێراق چەند مانگێك درێژ بكاتەوە، بۆیە دوای دەست پێكردنی هێرش بۆسەر رەقە تاكە جێگرەوەی بنكەی داعشە. 

جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە 17ی تشرینی یەكەمی رابردوو بە بەشداری هێزە تەناهییەكان و سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بە پاڵپشتی فڕۆكە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش دەستی پێ كرد و تا ئێستە دەیان گوند و ئاوەدانی و گەڕەكی مووسڵ پاك كراونەتەوە و دەیان چەكداری داعشیش كوژراون.

سەرچاوە: سپۆتنیك


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل