تا ئێستە 51 تیرۆریست لە كەركووك كوژراون

:: PM:03:49:22/10/2016 ‌

لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەكانی دوێنێی پێشمەرگە و تیرۆریستان لە كەركووك كە تا نیوەڕۆی ئەمڕۆش بەردەوامی هەبوو، هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی شارەكە، توانییان 51 تیرۆریستی داعش بكوژن.

عەمید خەتاب عومەر بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە 51 تیرۆریستی داعش كوژراون، لەوكاتەوەی لە بەرەبەیانی دوێنێ هەینییەوە هێرشیان كردە سەر كەركووك ".

هەروەها گوتی، ئێستە هێزەكان بە تەواوی و 100% كۆنتڕۆڵی شاری كەركووكیان كردووەتەوە و لە كاتێكی نزیكدا قەدەغەی هاتوچۆ كە لە شارەكە ڕاگەیەنرابوو، هەڵدەگیرێت و رەوشی شار ئاسایی دەبێتەوە هەرچەندە ئەمڕۆ هاتووچۆ لەلایەن هاوولاتیانەوە هەبووە بەڵام ئێمە بە كێشەمان نەزانیووە .

سەعات 3:00 بەیانی رۆژی هەینی نزیكەی 50 چەكداری رێكخراوی تیرۆریستی داعش هاتنە نێو شاری كەركووك و لە گەڕەكەكانی باشووری شارەكە بڵاوەیان كرد و دەستیان بە كردەی توندوتیژی كرد، دواتر خەڵكی شارەكە دەستیان دایە چەك  و ڕووبەڕوویان بوونەوە، پاشان هێزە تەناهییەكان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان گەیشتنە شار و بە توندی ڕووبەڕووی تیرۆریستان بوونەوە و تێكیان شكاند و ئێستەش رەوشی شارەكە بە تەواوی كەوتووەتە ژێر كۆنتڕۆڵ و هێزەكان خەریكی كێوماڵكردنی ناوچەكانن بۆ گرتنی گومانباران و هاوكارانی داعش.

كەركووك یەكێكە لە پارێزگاكانی باشووری كوردستان و زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتووانی كوردن، دوای ڕووخانی بەعس بە گوێرەی مادەی 58ی یاسای كاتی عێراق و مادەی 140ی دەستووری عێراق رێوشوێن بۆ دیاریكردنی چارەنووسی شارەكە دانرا، بەڵام حكوومەتی عێراق پێوەی پابەند نەبووە، دوای هاتنی داعش بۆ عێراق لە حوزەیران/یۆنیۆی 2014 سوپای عێراق لە دەوروبەری كەركووك هەڵاتن و داعش توانی ناوچەیەكی فرەوانی باشووری كەركووك كۆنتڕۆڵ بكات، بەڵام پێشمەرگەی كوردستان گەیشتنە نێو شارەكە و توانییان بە تەواوی بیپارێزن لە هەڵمەتی تیرۆریستان و تا ئێستەش بەرگری لە شارەكە دەكەن.


وشە - رامیار جەواد