ئەمەریكا 200 سەربازی تر ڕەوانە دەكات

:: AM:08:58:27/03/2017 ‌
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕیاریدا 200 سەربازی تر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات، وەك بەشێك لە زیادكردنی پشتیوانی بۆ هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە.

كەناڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی لە زاری سەرچاوەیەكی سەربازییەوە بڵاوی كردووەتەوە، كە دوو سریەی تری سەربازانی فیرقەی 82 دابەزینی ئاسمانی سوپای ئەمەریكا كە ژمارەیان دەگاتە 200 كەس لە سووریا و عێراق بڵاوەیان پێ دەكرێ، ئەمەش لەسەر داوەی فەرماندەی هەڵمەتەكانی ئەمەریكا بووە لە دژی تیرۆریستانی داعش لە بەغدا جەنەرال ستیڤان تاونسند.

هەروەها گوتی، تا ئێستە ڕوون نییە ئەو 200 سەربازە بە ڕوونی دەبرێنە كام وڵات، ڕەنگە ئەمڕۆ دووشەم وەزارەتی بەرگری وردەكارییەكانی ناردنی ئەو 200 سەرباز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو بكاتەوە.

هاتنی ئەو 200 سەربازەی تری ئەمەریكا بۆ ناوچەكە لە كاتێكدایە بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەكان زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی ئەمەریكی لە عێراق بوونیان هەیە و نزیكەی 300ی تریشیان لە سووریان، هاوكات لە میسر و ئوردن و سعوودیە و ئیمارات و قەتەر و عومان و كوێت وڵاتانی تری ناوچەكە ئەمەریكا بنكەی سەربازی و دەیان سەربازی لێ بڵاوە كردوونەتەوە.

ئەمەریكا لە 2014 بە بەشداری 68 وڵاتی تر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پێكهێنا و تا ئێستەش ئەو هاوپەیمانیەتییە بەردەوامی هەیە و بە ڕژدی كار بۆ بنەبڕكردن و كۆتاییهێنان بە تیرۆریستانی داعش دەدات.

سەرچاوە/شەفەق نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د