''ئه‌و به‌نزینه‌ خراپه‌ به‌كار مه‌هێنن''

:: PM:03:26:07/05/2022 ‌

تێكڕای شاره‌زایانی بواری میكانیكی، هۆشداریی به‌ شۆفێران ده‌ده‌ن كه‌ واز بهێنن له‌ به‌كارهێنانی به‌نزینی خراپ، چونكه‌ سه‌تان كێشه‌ بۆ ئۆتۆمبێله‌كه‌یان دروست ده‌كات، به‌تایبه‌ت ئه‌و به‌نزینه‌ی به‌ 690 دیناره‌ و به‌ چه‌ندان سه‌عات نۆره‌ی بۆ ده‌گریت، زیانیشی هه‌یه‌ بۆ ئۆتۆمبێله‌كه‌ت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئیدریس عوسمان ئه‌ندازیاری میكانیكی، بۆ ''وشه‌'' گوتی، شۆفێران با چیتر به‌نزینی خراپ له‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان نه‌كه‌ن، چونكه‌ حاڵه‌تێكی نائاسایی له‌ بزوێنه‌ردا دروست ده‌كات كه‌ پێی ده‌ڵێن ''نۆكینگ'' لێدانه‌وه‌، یان به‌ شێوه‌زاری بازاڕی ''لێدانه‌وه‌ی دیلكۆ''، ئه‌م حاڵه‌ته‌ بزوێنه‌ر تێكده‌دات، بۆیه‌ تا ده‌كرێ به‌نزینی خراپ به‌كار مه‌هێنن.

ئەم شارەزایە هۆشیاریی دەدات چیتر ئەو بەنزینە خراپە بەکار نەهێنن

ئه‌وه‌یشی گوت، لێدانی دیلكۆ یان لێدانه‌وه‌ی دیلكۆ، بریتییه‌ له‌ ناڕێكی سووتانی ئه‌و بڕه‌ به‌نزین و هه‌وایه‌ی كه‌ له‌ ناو سلنده‌ر یان له‌ ژووری سووتاندا ڕوو ده‌دات، به‌هۆی به‌رزی په‌ستانی به‌نزین و هه‌وا كه‌ پێش ناردنی سپاڕك ئاگری پلاك ده‌سووتێت و ته‌قینه‌وه‌كه‌ ڕوو ده‌دات له‌ ژووری سووتان یان سلنده‌ر، هه‌موو هۆكاره‌كه‌یش خراپی كوالێتی به‌نزینه‌ واده‌كات دیلكۆ لێ بداته‌وه‌.

هۆشداریی ده‌دات كه‌ پێویست ناكات شۆفێر له‌ نۆره‌ی به‌نزین به‌ چه‌ندان سه‌عات بوه‌ستێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌نزینه‌ خراپه‌ بكاته‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و به‌نزینه‌ كاریگه‌ریی نه‌رێنی ده‌بێ له‌سه‌ر ئۆتۆمبێل و كێشه‌ بۆ چه‌ندان به‌ش دروست ده‌كات.

له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌هۆی گرانیی به‌نزین و سووته‌مه‌نییه‌وه‌، شۆفێران ڕوو ده‌كه‌نه‌ نۆره‌گرتن بۆ به‌نزینی حكوومی كه‌ لیتری به‌ 690 ده‌فرۆشرێت. شاره‌زایانی میكانیكیش ده‌ڵێن، ئه‌م به‌نزینه‌ بۆ ئۆتۆمبێل خراپه‌ و نابێ بكرێته‌ ئۆتۆمبێله‌وه‌.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان