گۆرانیبێژی ناسراوی كورد ماجید محه‌مه‌د ناسراو به موعینی كوردی، له پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئینستاگرام، نوێترین به‌رهه‌می بڵاو كردووه‌ته‌وه كه كلیپێكه به‌ناوی "خۆزگه"، به‌ڵام بینه‌ری كه‌م هه‌بوو.
گۆرانیبێژ ماجید محه‌مه‌د له‌باره‌ی به‌رهه‌مه نوێیه‌كه‌یه‌وه كه كلیپێكه و گۆرانییه‌كی خۆشه‌ویستییه به‌ناوی "خۆزگه"، ئاشكرای كردووه، "تێكسته‌كه‌ی له‌لایه‌ن حه‌مه‌سه‌عید ئیبراهیم و مازیار فایه‌ق نووسراوه، ئاریۆس حه‌مه‌سه‌عید ئاوازه‌كه‌ی بۆ داناوه و كاری ئه‌ڕێنجمێنتی بۆ كردووه، له ده‌رھێنانی بڕیار فه‌تاحه، هه‌روه‌ها Hely Deng Music كاری پاراستنی به‌رهه‌مه‌كه‌ی له یوتیوبدا گرتووه‌ته ئه‌ستۆ ".
یه‌كه‌م جاره كه‌ناڵی یوتیوبی تایبه‌ت به‌خۆی داناوه
"خۆزگه" دواین به‌رهه‌می ماجید محه‌مه‌ده كه له یوتیوب 26 هه‌زار بینه‌ری هه‌بووه، به‌راورد به به‌رهه‌مه‌كانی پێشتری ئه‌و هونه‌رمه‌نده كه‌مترین بینه‌ری هه‌بووه، ئه‌مه له كاتێكدایه ئه‌م هونه‌رمه‌نده یه‌كه‌م جاره كه‌ناڵی یوتیوبی تایبه‌ت به‌خۆی داناوه، به‌و هۆیه‌وه هاووڵاتییان به‌رهه‌مه‌كه‌یان نه‌بینیوه.
ماجید محه‌مه‌د گۆرانیبێژێكی ناسراوی شاری سلێمانییه، به موعینی كوردی ناوبانگی ده‌ركردووه، چونكه به‌شێكی زۆری گۆرانییه‌كانی به‌رهه‌مه فارسییه‌كانی موعین ئه‌سفه‌هانییه و به زمانی كوردی گوتوونی، تا ئێسته خاوه‌نی دوو ئه‌لبوومی گۆرانییه. كۆتا به‌رهه‌می هونه‌ری نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ به‌شێوه‌ی دوێت له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند عه‌زیز وه‌یسی به‌ناوی (زۆر زۆر كه‌م كه‌م) بڵاوی كرده‌وه.