رۆناڵدۆ دیسان لەلایەن خوشكەكەیەوە شەرمەزار دەكرێت

:: AM:11:54:27/03/2017 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی تۆپی پێی پورتوگال و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی جارێكی تریش لەلایەن كاتیا ئەڤیرۆی خوشكییەوە شەرمەزار دەكرێت.

لەچەند رۆژی رابردوودا كاتیا لەلایەن هاوسێیەكییەوە لە دادگای پورتوگال داوایەكی یاسایی لەسەر تۆمار دەكرێ و تۆمەتبار دەكرێ بە خۆدزینەوە و پێ نەدانی بڕی 1300 پاوەن وەك كرێی چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەی ئەو شوقەیەی كە لە شاری لیشبۆنەی پایەتەختی پورتوگال هەیەتی.

رووداوەكە بۆ ساڵی 2015 و 2016 دەگەڕێتەوە كە هاوسێیەكی كاتیا هەستاوە بە كاری نۆژەنكردنەوەی شوقەكەی، دوای تەواوكردنی كارەكەشی لەلایەن ئەو خوشكە تەمەن 40 ساڵەی رۆناڵدۆوە بەبێ منەتی پارەكەی پێ نەدراوە و تەنانەت بەناوی رۆناڵدۆوە هەڕەشەشی لێ كردووە.

كاتیا چەند جارێكی تریش رۆناڵدۆی تووشی دۆخی شەرمەزاری كردووە بەتایبەتیش دوای ئەوەی پارساڵ ئەنتۆنیۆ كامیلێری خۆشەویستی پێشووی كاتیا ئاشكرای كردبوو كە لە ماڵە تایبەتی رۆناڵدۆ لە شاری مەدریدی پایەتەختی ئیسپانیا بەئاگاری دایكی كاری سێكسی و سەرجێیان كردووە، پێشتریش خۆشەویستێكی تریشی بەناوی سیلسۆ كۆتا بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر سزای زیندانیكردنی 7 ساڵی بەسەر سەپێنرابوو.

جێی باسە پێشتر وا بڵاو كرابووەوە كە رۆناڵدۆ لە كارە نابەجێكانی كاتیا بێزار بووە و چەندانجار بووەتە هۆی نانەوەی شەڕ و ئاژاوە لەنێوانیان و بەهۆیەوە ماوەیەكی زۆر قسەیان نەبووە و پەیوەندییان بەیەكەوە پچڕاندووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م