ڤرجینیا هال، ئەو خانمەی لە سەردەمی دووەم جەنگی جیهانیدا لەلایەن نازییەكانەوە بە یەكێك لە مەترسیدارترین سیخووڕ دادەنرا، ئەوان وێنەیان لە تەواوی فڕەنسا بڵاو كردبووەوە و بەدواوەی بوون بۆ گرتن یان كوشتنی، بۆیە كاتێك نازییەكان فڕەنسایان گرت، هال كەوتە نێوان دوو بژارەی سەخت، گەڕانەوە بەرەو فڕەنسا كە لەلایەن نازییەكانەوە داگیر كرابوو، یان رۆیشتن بەرەو ئیسپانیا.
مەترسی دوو بژارەكەی بەردەمی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە لە فڕەنسا لەلایەن نازییەكانەوە بە یەكێك لە مەترسیدارترین سیخوڕ دەناسرا و بە چڕی بەدوواوەی بوون بۆ گرتن یان كوشتنی، بۆیە ئەگەر بگەڕابووایەوە تووشی ئازاردان و كوشتن دەبوو، بەتایبەتی كاتێك نازییەكان سیخوڕەكانیان بە ئەڵقەی هاوشێوەی دوكانی قەسابی هەڵدەواسی و دەیانكوشتن، ئەگەریش بەرەو ئیسپانیا بڕوات، دەبوایە 80 كیلۆمەتر بە رۆیشتن بە پێ بەناو بەفر و مەترسیدا بڕوات، ئەو خۆی یەكلا كردەوە و رێگەی ئیسپانیای هەڵبژارد، بۆیە جانتاكەی خستە سەر پشتی و لەو گەشتە دوورودرێژەی تەنیا "كۆسبرت"، كە ناوی قاچە دارەكەی بوو، هاوەڵی بوو.
ڤرجینیا لە 6ی نیسانی 1906 لە شاری بالتیمۆر لە ویلایەتی ماریلاندی ئەمەریكا لەدایك بووە، ژیانێكی خۆشی هەبووە و چەند زمانێكی زانیوە، لە كۆلێج لە ئەمەریكا و ئەوروپا خوێندوویەتی، هەوڵی داوە كارێكی دیپلۆماسی لە دەرەوەی ئەمەریكا دەست بكەوێت، بۆیە وەك نووسەر لە كونسوڵگەی ئەمەریكا لە توركیا كاری كردووە، لە 1933 لە گەشتێكی راوكردن بە هەڵە فیشەكێك پیایدا دەتەقێتەوە و بەهۆی گانگرینەوە قاچی چەپی لە خوار ئەژنۆیەوە دەبڕدرێتەوە، بۆیە قاچێكی دروستكراوی بۆ دادەنرێ و ئەویش بۆ خۆشی ناوی دەنێت "كۆسبرت"، بەڵام كەسایەتی ئەو خانمە بوێرتر و بەهێزتر بوو لە جاران.
ڤیرجینیا زۆر هەوڵی دا بچێتە ناو كایەی دیپلۆماسی وڵاتەكەی، بەڵام دوای سێ جار وەڵامیان دایەوە كە كەسی كەمئەندام وەرناگرن، بۆیە 1939 ئەمەریكای بەرەو بەریتانیا جێ هێشت، لەوێ لە رێكخراوێكی بەریتانی بە خۆبەخشی بووە شوفێری ئەمبوڵانس، بەڵام بەهۆی زانینی چەند زمانێكەوە و بوێری و بەهێزییەكەیەوە، لەلایەن رێكخراوەكەوە لەسەر كاری سیخوڕی مەشقی پێ كرا و لە 1941 رەوانەی فڕەنسا كرا.
یەكەمجار وەك پەیامنێرێكی رۆژنامەی "نیویۆرك پۆست" بەناوی "بریجیت لۆكۆنتەر"، خۆ شاردەوە، زۆرێك بەدووریان زانی ژنێك بە یەك قاچەوە دەتوانێت ببێتە سیخوڕێكی باش، بەڵام ئەو خۆی سەلماند، كاتێك لە شاری لیۆنی فڕەنسی پێوەندی بە ژنە لەشفرۆشەكانەوە كرد و توانی زانیاری هەواڵگریان لەبارەی هێزەكانی ئەڵمانیا لێ دەستكەوێت، جیا لەوە توانی یارمەتی بۆ شەڕوانانی بەرگری فڕەنسا دابین بكات و شوێنی خۆحەشاردانیان بۆ بدۆزێتەوە و چالاكییەكانی فرەوانتر بكات، ئەوەیش وای كرد پۆلیسی گۆستاپۆی ئەڵمانی دەست بە گەڕان بە دوای خانمە شەلەكەدا بكەن.
لە 1942 بۆ ڤرجینیا سەخت بوو چیتر خۆی حەشار بدات، چونكە ئەڵمانییەكان فڕەنسایان كۆنترۆل كرد و شوێنی گریمانكراوەكانی سیخوڕی و بەرگریكاریان لەو وڵاتە دەست نیشان كرد و ئەوانیان لەناو برد، ئەوكات ڤرجینیا بڕیاری دا گەشتە 80 كیلۆمەترییەكە بەناو چیای پرنس بەرەو ئیسپانیا ببڕێت، ئەو لە رێگادا بە قاچە تەندروستەكەی بەفری لادەبرد و كۆسبرتیشی بەدوای خۆیدا رادەكێشا.
دوای گەیشتنی بۆ ئیسپانیا شەش حەفتە گیرا، چونكە پاسپۆرتی نەبوو، دوای ئەوە لە رێگەی كونسوڵی ئەمەریكا لە بەرشەلۆنە ئازاد كرا، لەلایەن رێكخراوە بەریتانییەكەوە كارێكی لە مەدرید پێ سپێردرا، بەڵام پێی رازی نەبوو، دەیویست بگەڕێتەوە فڕەنسا، بەڵام بەرپرسانی رێكخراوەكە رازی نەبوون، بۆیە رووی لە ئەمەریكا كرد و لەوێ لە رێگەی كاركردن بۆ هەواڵگری ئەمەریكا هەندێك گۆڕانكاری لە رووخساری كرد و لە ئاداری 1944 گەڕایەوە فڕەنسا.
لەوێ خۆی وەك كرێكارێكی شیردۆشین لە گوندێك لە باشووری پاریش شاردەوە، بە خەندەوە پەنیری دەفرۆشتە سەربازانی ئەڵمانیا، هاوكات زانیاری بە ئامێرێكی سەرەتایی دەدایە بەرپرسانی و شەڕوانانی بەرگریكاری فڕەنسیشی بەرەو ئامانجەكانی ئەڵمانیا ئاراستە دەكرد، بۆ تەقاندنەوەی پرد و شەمەندەفەر و هیتریش، بۆیە ئەوان توانیان كۆنترۆڵی هەندێك گوند بكەن و هێزەكانی ئەڵمانیا لاواز بكەن، بۆیە لەو ماوەیە توانیان چوار پرد تێك بشكێنن و 150 سەربازی ئەڵمانیش بكوژن.
بەمشێوەیە ڤرجینیا لە رێگەی گۆڕینی ناو و كار و شوێنی خۆی توانی تا كۆتایی شەڕەكە لە فڕەنسا بمێنێتەوە، لەلایەن هاری ترومان، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا رێزی لێ نرا و نیشانەی بەشداریكردنی لە جەنگ پێ بەخشرا، دوای ئەوە بۆ 15 ساڵ لە دەزگای ناوەندی هەواڵگری ئەمەریكا كاری كرد و لە تەمەنی 60 ساڵ لە 1966 خانەنشین بوو، لە 8ی تەمووزی 1982 بێ ئەوەی خۆی باسی هیچ لە كارەكانی بكات مرد.
دوای مردنی ئاژنسی ناوەندی هەواڵگری ئەمەریكا ناوی ڤرجینیا هالی لە ناوەندێكی مەشقكردنی سەرازی نا، فڕەنسییەكانیش لە بەرانبەر رۆڵی گەورەی نیشانەی خاچی شەڕی فڕەنسیان پێ بەخشی، جۆرجی شای بەریتانیایش نیشانەی ئیمپراتۆریەتی بەریتانی پێ بەخشی، بەڵام ئەوەندە كەسێكی بە فرتوفیڵ بووە ئەوكاتەی شای بەریتانیا لە 1943 نیشانەكەی پێ بەخشی، بەدوایدا گەڕان و لە بەریتانیا نەیاندۆزییەوە.