ئه‌مساڵ لێبووردنی‌ گشتیی ده‌رده‌چێت؟

:: PM:06:19:10/05/2022 ‌
ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رای‌ ده‌گه‌یه‌نێت، تا ئێسته‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌ك بۆ لێبووردنی‌ گشتیی نه‌هاتووه‌ته‌ په‌رله‌مان و پێیشی‌ وایه‌ كه‌ له‌به‌ری‌ لێبووردنی‌ گشتیی بۆ زیندانیان پێویسته‌ بیر له‌ میكانیزمی‌ تر بكرێته‌وه‌. 

ئه‌مڕۆ سێشه‌م 10ی‌ ئایار، خه‌دیجه‌ مزووری‌ ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان / پارتی‌/، بۆ "وشه‌" گوتی‌، لێبووردنی‌ گشتیی ده‌بێت له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێت و ده‌ربچێ و پێشتر چه‌ندان جار یاسای‌ لێبووردنی‌ گشتیی ده‌رچووه‌.

ڕوونیشی‌ كرده‌وه‌ كه‌ په‌سه‌ندكردنی‌ یاسای‌ لێبووردنی‌ گشتیی هیچ سوودێك ناگه‌یه‌نێت و ئه‌و تاوانبارانه‌ی‌ به‌رلێبووردنی‌ گشتیی ده‌كه‌ون دواتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر تاوان.

به‌قسه‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ كوردستان پێویسته‌ میكانیزمی‌ تر له‌بری‌ لێبووردنی‌ گشتیی جێبه‌جێ‌ بكرێ‌، چونكه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ تاوانباران واز له‌ تاوان ناهێنن.

مزووری‌ ره‌تی‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی‌ نزیكدا هیچ یاسایه‌كی‌ لیبووردنی‌ گشتیی ده‌ربچێ و گوتی‌، له‌ بری‌ ئه‌وه‌ پێویسته‌ چاودێری‌ چاكسازییه‌كان بكرێت و شوێنه‌كانیان بۆ گونجاو بكرێت و گرنگیان پێ بدرێ‌. 

ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ هیچ لێبووردنێكی‌ گشتیی له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌رنه‌چووه‌، رای‌ شاره‌زایان وایه‌ كه‌ لێبووردنی‌ گشتیی هیچ پێویستییه‌ك نییه‌، چونكه‌ به‌شێك له‌ تاوانباران تاوانی‌ تر ئه‌نجام ده‌ده‌نه‌وه‌. 
 



وشە - وشه‌