زانایان لە پشكنینی چاوی مردوودا چیان دۆزییەوە؟

:: PM:06:17:12/05/2022 ‌

تا ئێستە مردن بابەتێكی ناڕوون و ئاڵۆزە و زانست نەیتوانیوە بگاتە بنج و بناوانییەوە، كە مردن چییە؟، ئەوە وای كردووە ئەوان لە توێژینەوەكانیان لەو بارەوە بەردەوام ببن، لەو رێگەیەیشەوە هەندێكجار بە ئەنجامی لابەلا دەگەن، وەك ئەوەی زانایانی ئەمەریكا توانیان هیوای ژیانەوە لە چاوی كەسێكی مردوو بەدی بكەن.

زانایان لە ئەمەریكا ئەوەیان سەلماند كە هەستە دەمارەخانەكانی هەستیار بۆ رووناكی لە تۆڕینەی چاوی مرۆڤ تا پێنج سەعات دوای مردنی توانای وەڵامدانەوە و كارلێككردنی لەگەڵ رووناكی و پێوەندیكردن لەگەڵ یەكتردا هەیە، هەروەها ناردنی ئاماژەی هاوشێوەی لە بوونەوەرە زیندووەكاندا هەیە.

ئەو هەستە دەمارە خانانە بەشێكی كۆئەندامی ناوەندی دەمار پێك دێنن، كە مێشك و دڕكەپەتك دەگرێتەوە، بۆیە ئەوە هیوایەك دروست دەكات بۆ ئەوەی بە هەمان شێوە خانەكانیتری كۆئەندامەكە زیندوو بكرێنەوە، رەنگە هەمان شت بۆ هۆش و مێشكی مرۆڤیش فەراهەم ببێت.   

تیمی توێژینەوەكە كە ئەنجامەكانی لە گۆڤاری "نێچەر"، بڵاو كراوەتەوە دەڵێن، ئەو توێژینەوە پرسیاری ئەوە دەرووژێنێت كە ئاخۆ مردنی مێشك، بابەتێكە و بەراستی گەڕانەوەی بۆ نییە؟، وەك ماڵپەڕ "تەلەگراف" باسی كردووە.

فاتمە عەباس، گەورە توێژەر لە سەنتەری مۆران بۆ چاو لە زانكۆی یوتا دەڵێت، توانیمان هەستەخانەكانی وەرگری رووناكی لە چاوی مرۆڤ بەخەبەر بێنین، كە بەشێكە لە تۆڕینەی چاو و بەرپرس لە بینین و توانای بینینی وردەكارییەكان و جیاكردنەوەی رەنگەكانە. بۆمان دەركەوت ئەو چاوانەی تا پێنج سەعات بەسەر مردنی خاوەنەكەیان تێپەڕیوە، ئەو هەستە دەمارە خانانەی چاویان كاردانەوەیان بۆ رووناكی بەهێز و لاوازیش هەبووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل