نیشانەكانی تای خوێنبەربوون لەسەر چەند ئاژەڵێكی سلێمانی دەركەوت

:: AM:10:05:14/05/2022 ‌
كوشتارگەی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، چەند ئاژەڵێك لە كوشتارگەی نوێی سلێمانی كە بەهۆی هەبوونی گەنەوە، پێش سەربڕینیان لەلایەن ستافی پزیشكییەوە ڕەت كراونەتەوە. گەنە یەكێكە لە هۆكارەكانی گواستنەوەی تای خوێنبەربوون.

تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە كە بە "كۆنغۆ كریمەن"یش ناسراوە، یەكێكە لە نەخۆشییە مرۆژەڵییەكان كە هاوبەشە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا. لە كۆمەڵەی RNA (Hemorrhagic Virus).  . ئەم نەخۆشییە لە زۆربەی وڵاتان بەربڵاوە و خەڵكێكی زۆر تووشی دەبن، دوو حاڵەت لە هەولێر تۆمار كراوە، لە سلێمانیش نیشانەكانی گواستنەوەی دەركەوتووە.

ئەمڕۆ شەموو 14ـی ئایار، كوشتارگەی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، ناهێڵین ئەم پەتایەی تای خوێنبەربوون ڕوو لێرە بكات، تكایە ئێوەش هاوكارمان بن و بەهیچ شێوەیەك گۆشتی سەرشەقام مەكڕن كە پشكنینیان بۆ نەكراوە و تەنیا خوا دەزانێ كە چییە و چۆنە.

باس لەوەش كراوە، چەند ئاژەڵێك لە كوشتارگەی نوێی سلێمانی كە بەهۆی هەبوونی گەنەوە، پێش سەربڕین لەلایەن ستافی پزیشكییەوە ڕەت كراونەتەوە.

تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكە لە رێی ئاژەڵی هەڵگری ڤایرۆسەكەوە دەگوازرێتەوە بۆ  مرۆڤ، بە هۆی مامەڵە و بەركەوتەی راستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵەكانی وەك مەڕ، بزن، رەشەوڵاخ، سەگ و پشیلە. هۆكاری تریش هەن لە رێی گۆشتی كاڵ و خوێنەوە، بەهۆی ئەو گەنەیەی كە ڤایرۆسەكە سوڕی ژیانی خۆی تێدا تەواو كردووە، دەگوازرێتەوە، لە ماوەی رابردوودا چەند حاڵەتێك لە عێراق تۆمار كران، لە هەرێمی كوردستانیشدا ڕێوشوێنی توند گیراوەتەبەر.



وشە - رامیار جەواد