سوپای عێراق ڕێیەكی تری لە پەكەكە داخست

:: PM:12:12:14/05/2022 ‌
هێزێكی پاسەوانی سنووری عێراق، لە شارەدێی كانی ماسێی سەربە شارۆكەی ئامێدی لە نزیك گوندی هرووریی دەڤەری بەرواری باڵادا، خاڵێكی تری سەربازییان زیاد كرد، بەمەیش ڕێیەكی تری هاتوچۆیان لەسەر پەكەكە داخست.

بۆ دوورخستنەوەی پەكەكە لە نزیك نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان، سوپای عێراق لە ڕێی پاسەوانی سنووری، چەندان خاڵی سەربازییان لە هەرێمی كوردستاندا داناوە، ئەمڕۆ لە سنووری بەرواری خاڵێكی تریان جێگیر كرد.

ئەمڕۆ شەموو 14ـی ئایار، هێزێكی پاسەوانی سنووری عێراق كە پێكهاتەكەیان زیاتر لە 15 ئۆتۆمبێلی سەربازییە، لە شارەدێی كانی ماسێی سەربە شارۆكەی ئامێدی لە نزیك گوندی هرووریی دەڤەری بەرواری باڵادا، خاڵێكی تری سەربازییان زیاد كرد.

بەدانانی ئەو خاڵە سنوورییە، هێزەكانی پاسەوانی لێ جێگیر دەكرێن، بۆ ڕێگرییە لە هاتوچۆكانی چەكدارانی پەكەكە لەو سنوورە كە بوونەتە مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان.

دانانی ئەو خاڵانە بۆ رێگریكردن و دوورخستنەوەی چەكدارانی پەكەكەیە لە ناوچەكەدا، كە بیانوو دەدەنە دەست هێزەكانی توركیا و پەلكێشی ناو سنووری هەرێمی كوردستان و عێراقیان دەكەن، هەروەها بوونەتە هۆكاری چۆڵكردنی گوندەكان.

پاسەوانی سنووری لە هەرێمی كوردستاندا، بەشێكی زۆریان كوردن و ئامانجی سوپای عێراق، دوورخستنەوەی شەڕی پەكەكەیە لە ناوچە سنوورییەكان و گەڕاندنەوەی ژیانە بۆ گوندەكان كە چەندان ساڵە بەهۆی پەكەكەوە چۆڵ كراون.



وشە - رامیار جەواد