ماڵپەڕێكی بەرهەڵستكاریی ئێران رای گەیاند كە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان لە ئێران فرەوانتر بووە و ژمارەی قوربانیان بەو هۆیەوە بۆ سێ كوژراو لە شاری فرسانی سەر بە پارێزگای جهار محال و بەختیاری لە باشووری ئەو وڵاتە بەرز بووەتەوە.
ماڵپەڕی
"ئاوا تودەی"ی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و پاڵپشت بۆ ناڕەزایەتییەكان ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە شەوی رابردوو حەمید قاسم پوور، هاووڵاتییەكی ناڕازی لە شاری فرسان لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە تەقەی لێ كراوە و كوژراوە، بەوەیش ژمارەی كوژراوان گەیشتووەتە سێ كەس، لەو ناڕەزایەتییەی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نان سەری هەڵدا و ژمارەیەك ماركێت سووتێنران، لە بەرانبەردا پۆلیس سەتان كەسی گرتووە.
ئەو ناڕەزایەتییەی دوایی دوای ئەوە هات حكوومەتی ئێران پاڵپشتی بۆ گەنمی هاوردەكراو وەستاند، بەوەیش نرخەكەی بۆ 300% بەرز بووەوە، لەوكاتەی حكوومەت بەنیازە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو لە بری ئەوە پسوولەی ئەلیكترۆنی بۆ بڕێكی دیاریكراوی نان بە نرخێكی پاڵپشتیكراو بخاتە روو، ئەوەیتریشی بە نرخی بازاڕ دەفرۆشی.
ئێستە بۆ كەمكردنەوەی زیانەكان و گرتن لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە، خۆپێشاندەران ناڕەزایەتی شەوانە ساز دەكەن، حكوومەتیش ئاماری راستەقینەی قوربانی و برینداران و گیراوانی رانەگەیاندووە، كە چەند رۆژێكە لە ژمارەیەك شاری ئەو وڵاتە ناڕەزایەتی لە دژی بڕیارەكەی حكوومەت بە وەستاندنی پاڵپشتی بۆ مادە سەرەكییەكان، لەوانە گۆشت و ئەلبان و رۆن و مریشك بەردەوامە. لەو وڵاتەی ژمارەی دانیشتووانی 82 ملیۆنە، زیاتر لە نیوەیان لە ژێر هیڵی هەژاری دەژین و رێژەی هەڵاوسان لە نێوان 40 بۆ 30%یە.