بابكەیی: لە پرسی غازدا پێشبینی دەكرێ بەغدا بە بەردەوام كێشە بۆ هەرێم دروست بكات

:: PM:09:09:14/05/2022 ‌

داخرانی سیاسی و ململانێی ناو ماڵی شیعە لە بەغدا بەتەواوەتی باڵی بەسەر عێراقدا كێشاوە، بەتایبەتی دادگای باڵای فیدراڵ لە چەند مانگی رابردوودا چەند بڕیارێكی لە دژی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان دەركرد كە پاڵنەری سیاسی و گوشاریان بە روونی پێوە دیار بوو، پەرلەمانتارێكی كوردستان ئاماژە بۆ ئەگەری بەردەوامیی ئەو گوشارانە دەكات.

رێبوار بابكەیی، پەرلەمانتاری كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی، مادەكانی 111، 112 و 115ی دەستووری عێراق باس لە شایستەیی ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت و غاز لەلایەن هەرێمەكانەوە دەكات، بۆیە بە هیچ جۆرێك لە دەستووردا باسی ئەوە نەكراوە دۆسییەی نەوت تەنیا بە دەستی حكوومەتی عێراقەوەیە.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە دۆسییەی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان دەستوورییە، دەستووری عێراق مافی بە گەلی كورد داوە ئیدارەی نەوت و غازی خۆی بكات، روونی كردەوە، بە هۆی ئاشكرابوونی گەندەڵییەكی زۆر، وەزارەتی نەوتی عێراق یەكێكە لە وەزارەتە هەرە شكستخواردووەكان، بەتایبەت لە دۆسییەی بۆری نەوتی عەقەبە، كە بە دەیان ملیار دۆلار گەندەڵی تێدا كراوە، بۆیە هەقە پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی وەزیری نەوت و بكات لەو بارەوە بۆ لێپرسینەوە تا ئاستی لادانی.

"پێشتر وەزیری نەوتی عێراق ددانی بە دیودەریی دۆسییەی نەوت هەرێم دانا، بەڵام بەهۆی گوشاری سیاسی، بەو پێیەی وەزیری نەوت لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییە و ئەوان لە دژی مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد كار دەكەن و هەڵگری ئەجندای دەرەكین، لە قسەكەی پەشیمان بووەوە تا ئەو ئاستەی ئێستە داوا دەكا دۆسییەی نەوت هەرێم رادەستی عێراق بكرێتەوە"، بابكەیی وای گوت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان پێی وایە بڕیاری دوایی دادگای فیدڕاڵی عێراق لە دژی كەرتی نەوتی هەرێم سیاسییە و بێ گەڕانەوە بۆ دەقە دەستوورییەكان دەركراوە، دووپاتی كردەوە كە ئێستە پرسی غاز لەسەر ئاستی دنیا وەك هێز مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بۆیە پێشبینی دەكرێ حكوومەتی فیدراڵی بە بەردەوام كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكات.

7ی ئەم مانگە ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاند، لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبارەی سیاسەتی نەوت بە رێككەوتن نەگەیشتووین، وریایی دا بەوەی تاكە بژارە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵە.

لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی رابردوو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارێكی لە دژی یاسای نەوت و غازی هەرێم دەركرد، زۆرێك لە شارەزایان بڕیارەكەیان بە سیاسی وەك گوشار بۆ سەر هەرێم و پارتی بۆ جیابوونەوە لە هاوپەیمانی سێ قۆڵی لە قەڵەم دا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل