غالب محەمەدی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و گرووپێكی عێراقچی، بەردەوامن لە دژایەتیكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و تا پێیان دەكرێت هەوڵ دەدەن زیانی پێ بگەیەنن، ئەوەیش وای كردووە چاودێر و ماموستایانی زانكۆ ئاماژە بۆ ئەوە بكەن كە دەبێت هەرێم دەستوورێكی هەبێت بۆ سزادانی ئەوانەی خیانەت دەكەن.
لەو بارەوە ئیمداد عەبدوڵا چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، غالب محەمەد گرێیەكی بەرانبەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، ئەو پێی ناخۆشە حكوومەت لەم ئاستە بەرزەدا مامەڵە بە كانزا سروشتییەكانی خۆیەوە دەكات، بۆیە چەند جارێكە بەداخەوە دەنووسێت كە حكوومەتی عێراق مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەو باش دەزانێ حكوومەتی عێراق مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی هەرێم دەكات، نەوەك بێت و بیاندات بە دادگا لە هەناوی رق لە دڵە بەرانبەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
روونی كردەوە، ناخپیسیی غالب محەمەد بەرانبەر دامەزراوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر هەبووە، كاتێك ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بوو هەموو هەوڵێكی ئەوە بوو قەوارەی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێتەوە، كاری لەسەر ئەوە دەكرد حكوومەتی عێراق راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكاندا بكات و سلێمانی بخرێتەوە سەر عێراق و بودجەی كوردستان ببڕێت.
"بۆچوونێك هەیە كە غالب محەمەد لە بەرانبەر پارە ئەو دژایەتییەی حكوومەت و گەلی كوردستانی دەست پێ كردووە، هەر بەهۆی ئەوەیش بوو گەلی كورد سزای دا و جارێكی تر متمانەی پێ نەداوە كە ببێتەوە بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق"، ئیمداد عەبدوڵا چاودێری سیاسی وای گوت.
لای خۆیەوە د. سۆلاڤ كاكەیی شارەزای دەستووری بۆ "وشە" روونی كردەوە، بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق سیاسییە و حكوومەتی عێراق و هێزە سیاسییەكان بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێن كە شتێك نەمێنێ بە ناوی هەرێمی كوردستان، لەوكاتەی دامەزراوەی فیدڕاڵی لە عێراق كەموكوڕی زۆری تێدایە و هەرێم لەگەڵ پارێزگا زۆر جیاوازی هەیە و دامەزراوەیەكی دەستوورییە، چونكە پەرلەمان و حكوومەتی خۆی هەیە، روونی كردەوە، مادەكانی 117 و 118 و 109 باس لەوە دەكەن كە هەرێمەكانی تر دروست ببن لە عێراق هاوشانی هەرێمی كوردستان، بەڵام تا ئێستە ئەوە جێبەجێ نەكراوە.
"لە كوردستان پێویستمان بە دەستوورێك هەیە مادەی وای تێدابێت هەوڵدان بۆ دژایەتیی خاك و حكوومەت و قەوارەی هەرێمی كوردستان بە تاوانی مەزن دابندرێت، تا رێگری لە هەر هەوڵێك بۆ تێكدانی یەكگرتوویی خاكی كوردستان بكرێت"، د. سۆلاڤ كاكەیی وای گوت.
هەڵەبجە / عەزیز هەورامی