هێرشێكی داعش لە كەركووك قوربانی لێ كەوتەوە

:: PM:07:50:15/05/2022 ‌


ئەمڕۆ یەكشەم چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر خاڵێكی تەناهی هێزەكانی عێراق لە نزیك شارەدێی ریاز لە پارێزگای كەركووك، بەو هۆیەوە كوژراو لە هەردوولادا هەیە.

سەرچاوەیەكی تەناهی لەو بارەوە گوتی، ئەمڕۆ هێرشێكی داعش بۆ سەر خاڵێكی تەناهی لە دەوروبەری گوندی ئەبو خەناجر لە نزیك شارەدێی ریاز لە باشووری رۆژئاوای كەركووك تێك شكێنرا، لەو هێرشەدا دوو چەكداری داعش و كارمەندێكی هێزە تەناهییەكانی عێراق كوژران.

سەرچاوەیەكی تر ئاماژەی كرد كە ئەو رووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزەكانی عێراق و چەكدارانی داعش بەهۆی ئۆپراسیۆنێكی هێزەكانی عێراق بووە لەو ناوچەیە، كە تیایدا دوو ئەندامی داعش كوژراون و دەستیش بەسەر دوو حەشارگەی گەورەی چەك و تەقەمەنیدا گیراوە، كارمەندێكی هێزە تەناهییەكانیش كوژراوە. 

هەر ئەمڕۆ یەكشەم چەكدارانی داعش خاڵێكی تەناهی سەر بە لیوای دووی پۆلیسی فیدراڵی عێراقیان لە نێوان داقووق و دۆڵی زغیتوون لە سنووری پارێزگای كەركووك كردە ئامانج و بەو هۆیەوە كارمەندێكی لیواكە كوژراوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل