سلێمانی.. تا ئێستە 40%ی ئاردی مانگی یەك دابەش كراوە

:: PM:09:52:15/05/2022 ‌

سەرۆكی لیژنەی ئاشەكانی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت كە دەستیان كردووە بە دابەشكردنی ئارد بۆ تەواوكردنی بەشە ئاردی مانگی یەك، بۆ ئەو مەبەستەیش رۆژانە برێكی زۆر ئاردیان بە دەست دەگات، ئاشكرای كرد كە تا ئێستە بە رێژەی 40% ئاردی مانگی یەك دابەش كراوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 15ی ئایاری 2022، نەسرین محەمەد سەرۆكی لیژنەی ئاشەكان لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی رابردوودا بڕێكی زۆر لە گەنمی ئەڵمانی گەیشتووەتە دەستمان، لە شارەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقیش گەنمان بۆ رەوانە كراوە و بەسەر ئاشەكاندا دابەش كراوە بۆ ئەوەی بكرێت بە ئاردی بەشە خۆراك.

هەروەها گوتی، ئەم شێوازەی عێراق بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان پێڕەوی دەكات كارێكی خراپە، چونكە لە سایلۆكانی خۆمان گەنم نەماوە و دەبێت چاومان لە دەستی وەزارەتی بازرگانی عێراق بێت تا گەنم رەوانە بكەن، ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان گەنممان بۆ دەنێرن و لە كاتی خۆیدا ناینێرن و دوای دەخەن، بۆیە لە دابەشكردنی ئارد دواكەوتووین.

"بەشێكی تر لە گەنمە ئوسترالی و تێكەڵكراوە لەگەڵ گەنمی عێراقی و ئەڵمانییەكە و ئاردێكی زۆر جوان و كوالێتی لێ دروست بووە، ئەمڕۆ تاقی كرایەوە زۆر گونجاوە و ئاردێكی جوانە، بۆیە دەستمان بە دابەشكردنی بەسەر بریكارەكان كردووە، تا ئێستە بە رێژەی 40% ئاردی مانگی یەك دابەش كراوە"، نەسرین محەمەد، سەرۆكی لیژنەی ئاشەكان لە هەرێمی كوردستان وای گوت.

دووپاتی كردەوە، رۆژانە 10 بۆ 15 تڕێلە گەنم لە شارەكانی عێراقەوە دێتە هەرێمی كوردستان، بەڵینیشمان پێ دراوە ئەو گرفتە چارەسەر بكەن، بۆیە لەگەل هەموو لایەنەكان لەسەر خەتین بۆ ئەوەی هەرچی زووە كۆتایی بە دابەشكردنی ئاردی مانگی یەك بێنین، لە كاتێكدا شارەكانی عێراق لە مانگی سێن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل