به‌غدا چه‌كی پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانی بۆ ساڵی 2016 ڕه‌وانه‌ی سلێمانی كردووه و تا ئێسته زیاتر له 240 ملیار دیناری جووتیارانی سلێمانی لای به‌غدا ماوه و ئێسته‌ش چه‌كی ٥٦ ملیار دینار گه‌یشتووه‌ته پارێزگای سلێمانی.
ئه‌مین محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دانه‌وێڵه‌ی سلێمانی ئه‌مڕۆ دووشه‌م به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، به‌غدا چه‌كی پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانی بۆ ساڵی 2016 ڕه‌وانه‌ی سلێمانی كردووه، لای ئه‌وان وردبینی كراوه و ڕه‌وانه‌ی بانكی هه‌رێم كراوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا له نێوان خۆیان ڕێكاره یاسایییه‌كان ته‌واو بكه‌ن.
ئه‌و گوتی، بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه هاتووه 56 ملیار و 292 ملیۆن دیناره و له بری گه‌نمی ساڵی 2016یه، هه‌موو جووتیارێك كه گه‌نمی ڕاده‌ستی سایلۆ كردووه %38.5ی قه‌رزه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "له پاره‌ی گه‌نمی جووتیاران بۆ ساڵی 2014 بڕی 25 ملیار دینار ماوه، بۆ ساڵی 2015 بڕی 68 ملیار دینار و بۆ ساڵی 2016 بڕی 150 ملیار دینارمان لای به‌غدا ماوه، جگه له‌و 56 ملیار دیناره‌ی كه چه‌كه‌كه‌ی گه‌یشتووه".
پێشتر بڕیار بوو سه‌رجه‌م جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2016 بڕی %80ی پاره‌ی گه‌نمه‌كه‌یان وه‌ربگرن، به‌ڵام دواتر حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڕیاری دا پاره‌ی جووتیارانی هه‌رێم بۆ %17 كه‌م بكرێته‌وه.
بۆ پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانی ساڵی 2014 و 2015 و 2016، به‌غدا بڕی 904 ملیار دیناری جووتیارانی هه‌رێمی كوردستانی لایه به هه‌رسێ پارێزگاكه‌وه كه ته‌نیا بۆ ساڵی 2014 بڕی 69 ملیار و 2015 بڕی 242 ملیار و 2016 بڕی 593 ملیار دیناره.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی