لە سیدەكان شەڕە و كوژراو هەیە

:: AM:10:19:16/05/2022 ‌
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نێوان پەكەكە و سوپای توركیادا شەڕ بووە و چەند چەكدارێكی پەكەكە كوژراون، ژمارەیەك گوندنشینیش زیانمەند بوونە.

ماوەی چەند ڕۆژێكە لە چەند ناوچەیەكی سنووری لە نێوان سوپای توركیا و چەكدارانی پەكەكە شەڕ هەیە، بەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی پەكەكە هێرشیان كردە سەر سوپای توركیا و بەهۆیەوە چەند كەسێك لە پەكەكە كوژران.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی ئایار، سەرچاوەیەك لە شارەدێی سیدەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند،  درەنگانی شەوی رابردوو ژمارەیەك چەكداری پەكەكە هێرشیان كردە سەر قەڵایەكی سەربازیی توركیا.

زیاتر گوتی، ماوە چەند سەعاتێك شەڕ بەردەوام بوو، ئەوەی ئێمە زانیومانە لە ئەنجامی شەڕەكەدا زیانی گیانی هەبووە، تەرمی چەند چەكدارێكی پەكەكە بەجێ ماون و ناشزانرێ لە سوپای توركیا چەند كوژراو هەیە.

باسی لەوەش كرد، بەهۆی ئەو شەڕە زیان بۆ گوندنشینان هەبووە، ژمارەیەك سەر ئاژەڵ و دوو خانوو زیانیان بەركەوتووە.

لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان شەڕ و پێكدادانی بەردەوام لە نێوان چەكدارانی پەكەكە و سوپای توركیادا هەیە، بەڵام شەڕەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، یەكێك بوو لەو شەڕانەی چەندان سەعات بەردەوام بووە.




وشە - رامیار جەواد