پێوەندی تامیسكە و تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە چییە؟

:: PM:09:49:16/05/2022 ‌

شەكرە نەخۆشییەكی درێژخایەنە و بەهۆی بێتوانایی هۆرمۆنی ئەنسۆلین یان بەرگری خانەكانی لەش بۆ كاری ئەنسۆلین تووشی مرۆڤ دەبێت، جۆری یەكەم و دووەمی هەیە، هەرچی تامیسكەیە، پەتایەكی ڤایرۆسییە بەشێوەیە قینچكە لە ناو دەم و لێوەكان دەردەكەوێت، بەڵام پێوەندیان بەیەكەوە چییە؟

توێژینەوەیەكی ئەڵمانی ئاشكرای كرد كە دەركەوتنی دوو جۆری بڵاوی تامیسكە، دەكرێ سەرەتایەك بێت بۆ دەركەوتنی نیشانەكانی تووشبوون بە شەكرە، كاتێك ماڵپەڕی "نیو ئەتڵەس"، باسی ئەوەی كرد ئەنجامی توێژینەوەكە بە بەڵگە ئەوە دەسەلمێنێت كە دەركەوتنی تامیسكە، پێوەستە بە دەركەوتنی نەخۆشییە درێژخایەنەكانەوە. 

توێژینەوەكە لێكۆڵینەوەی لەوە كردووە ئاخۆ هیچ پێوەندییەك لە نێوان تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی هربس یان تامیسكە و دەركەوتنی سەرەتاكانی تووشبوون بە شەكرە هەیە، كە حاڵەتێكە و بەر لە تووشبوون بە جۆری دووەمی شەكرە دەردەكەوێت.

توێژەران داتای چەندان توێژینەوەی درێژخایەنی هەزاران كەسیان بۆ ماوەی نزیكەی حەوت ساڵ شی كردەوە، بۆیان دەركەوت كە سەتان كەس لەوانەی تووشی دوو جۆری ((HSV-2) و (CMV)ی هربس بوونە، نیشانەكانی پێش تووشبوون بە شەكەرە لەوان دەركەوتووە و پەرەی سەندووە.

لە توێژینەوە نوێیەكەدا هاتووە، شیكردنەوەكان دەریان خست كە ئەو دوو جۆرە ڤایرۆسە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی نیشانەكانی پێش تووشبوون بە شەكرە، بێ رەچاوكردنی رەگەز و تەمەن و بارستەی لەش و جگەرەكێشان و چالاكیی جەستەیی و بەرزیی پەستانی خوێن و ئاستی چەوری لەش و بەرگری بۆ ئەنسۆلین.

توێژەران دووپاتیان كردەوە كە توێژینەوەكەیان تەنیا دۆزینەوەی وابەستەیەكی سەرەتاییە لە نێوان دوو نەخۆشییەكە، بەڵام ئاماژەیەكی روونە بەوەی هەندێك جۆری ڤایرۆسی هربس رەنگە رۆڵیان هەبێت لە تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل