له‌وانه‌یه ناوه‌كه تاڕاده‌یه‌ك به‌لامانه‌وه نامۆ بێت و هه‌موومان پرسیاری ئه‌وه‌مان لا دروست ببێت، كه ئاخۆ كۆمپیوته‌ری كیمیایی چییه و مه‌به‌ست له خستنه‌پاڵی زانستی كیمیا به كۆمپیوته‌ره‌وه چییه؟ له‌م بابه‌ته وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌مان ده‌ست ده‌كه‌وێت، هاوكات ئه‌و ڕاستییه زانستییه‌یش لای هه‌موومان ڕوون ده‌بێته‌وه، كه له چه‌ند ده‌یه‌ی داهاتوو، ئه‌و شێوه كۆمپیوته‌ره باوانه‌ی ئێسته له ئۆفیس و ماڵه‌كانمان بوونی هه‌یه، بوونی نامێنێت و ده‌بێت به به‌شێك له مێژوو، چونكه كۆمپیوته‌ری كیمیایی شوێنی سه‌رجه‌م ئه‌و كۆمپیوته‌رانه‌ی ئێسته هه‌ن، ده‌گرێته‌وه. دوای هه‌شت ده‌یه له به‌كارهێنانی ئه‌و جۆره كۆمپیوته‌ره باوانه، ئیتر ده‌بن به ڕابردوو و به ته‌واوی له‌بیر ده‌كرێن.
بۆ یه‌كه‌مجار داهێنانی ئه‌مجۆره كۆمپیوته‌ره له 2011 ده‌ستی پێكرد
كۆمپیوته‌ری ئاسایی كه ئێسته به‌كاری ده‌هێنین، پێویستی به چه‌ندان پارچه‌ی كاڵای ڕه‌ق (هاردوێر) هه‌یه، به به‌یه‌كه‌وه‌به‌ستنیان و گه‌یاندنیان به وزه‌ی كاره‌با، ده‌توانین به نه‌رمه‌كاڵاكان بگه‌ین و كۆمپیوته‌ر به‌كاربهێنین، ڕه‌قه‌كاڵاكان بریتین له شاشه و ماوس و كیبۆرد و پرۆسیسه‌ر و ڕام و ته‌خته‌ی دایك "مه‌زه‌ربۆرد" و پاوه‌ربانك و هارد...هتد.پرۆسیسه‌ر و ڕام و هارد ڕۆڵی گه‌وره له پرۆسه‌ی كاركردنی كۆمپیوته‌ر و ئه‌نجامدانی فه‌رمانه‌كان ده‌گێڕن، هۆكاره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه كه هه‌ڵگرتنی داتاكان و وه‌رگرتنی فه‌رمانه‌كان هه‌مووی به‌یه‌ك ئاراسته له هارده و ڕام هه‌ڵده‌گیرێت، بۆیه كاتێك كه پێویستمان به جێبه‌جێكردنی فه‌رمانێك ده‌بێت، له نێو هه‌زاران فایل به‌یه‌ك ئاراسته به‌دوای ئه‌و فایله ده‌گه‌ڕێت كه به‌رپرسه له جێبه‌جێكردنی ئه‌و فه‌رمانه.
جیاوازی
كۆمپیوته‌ری كیمیایی ئه‌وه‌یه، كه ئیتر هارد و رام و پرۆسیسه‌ره‌كان پێویست نابن، چونكه داتاكان له ئه‌نجامی كارلێكێكی كیمیایی هه‌ڵده‌گیرێت، واته به شلی ده‌مێننه‌وه و كاتێك فه‌رمانێك به كۆمپیوته‌ر ده‌كه‌ین، له هه‌موو ئاراسته‌كانه‌وه به‌دوای ئه‌و فایله ده‌گه‌ڕێت، كه به‌رپرسه له جێبه‌جێكردنی ئه‌و فه‌رمانه، له كۆمپیوته‌ری ئاسایی به‌هۆی ئه‌وه‌ی به یه‌ك ئاراسته‌وه به دوای فایله‌كان ده‌گه‌ڕێت، بۆیه خێرایی كۆمپیوته‌ره‌كان هه‌میشه ده‌بن به سه‌رچاوه‌ی كێشه بۆ جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كانمان كه به كۆمپیوته‌ری ده‌ده‌ین، به‌ڵام له كۆمپیوته‌ری كیمیایی ئه‌و كێشه‌یه به ته‌واوی بنه‌بڕ ده‌بێ و چیتر بوونی نامێنێت.
به‌شێوه‌یه‌كی ڕوونتر بۆ هه‌موو ئه‌و كردارانه‌ی كه كۆمپیوته‌رێكی ئاسایی ئێسته ئه‌نجامی ده‌دات، پێویسته به چه‌ندان پارچه كاڵای ڕه‌ق ده‌بێت، به‌ڵام كۆمپیوته‌ری كیمیایی له ڕێی ماده كیمیاییه‌كانه‌وه و له ئه‌نجامی كارلێكه كیمیاییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر خێرا و سه‌رسوڕهێنه‌ر هه‌موو كاره‌كانی كۆمپیوته‌ری ئێسته ئه‌نجام ده‌داته‌وه.
بۆ یه‌كه‌مجار داهێنانی ئه‌مجۆره كۆمپیوته‌ره له 2011 ده‌ستی پێكرد و بیرۆكه‌ی دروستكردنیشی به پشتبه‌ستن به چۆنیه‌تیی كاركردنی مێشك و ده‌ماغی مرۆڤ سه‌رچاوه‌ی گرتووه، چونكه هه‌موو زانیارییه‌كانی مێشكی مرۆڤیش به‌ستوو نین، بگره شلن و له هه‌موو ئاراسته‌یه‌كه‌وه ده‌توانین پێی بگه‌ین و جووڵه بكه‌ین.
چۆنیه‌تیی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كارلێكه كیمیاییه‌ی ناو مێشكی مرۆڤیش بۆ هه‌ڵگرتن و چاره‌سه‌ر و شیته‌ڵكردنی داتا و زانیارییه‌كان له ژیانی ئاسایی، بریتییه له كارلێكێكی كیمیایی كه ناوی نراوه "بی زێد" وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ پیتی یه‌كه‌می ناوی هه‌ردوو زانای دۆزه‌ره‌وه‌ی ئه‌و كارلێكه كیمیاییه كه بریتین له بیلۆسۆف و زابۆتینسكی، پرۆسه‌كه‌یش بریتییه له جووڵه‌ی داتاكان و بگه‌ڕه‌كان له ڕێی كارلێكی ڕه‌گه‌زی پرۆم، شیبوونه‌وه و كارتێكردنه‌كان له‌و كارلێكه، بۆیه كۆمپیوته‌ری كیمیایی ته‌نیا پێویستی به لووله‌یه‌كی نه‌رم ده‌بێت، كه ئه‌و كارلێكه كیمیاییه له‌خۆ بگرێ و داتاكانی تێدا هه‌ڵبگیرێت و جووڵه‌یان پێ بكات، دوای ئه‌وه‌یش ده‌توانین به شاشه و كیبۆرد و ماوسه‌وه پێوه‌ستی بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌مانه‌یش له داهاتوو ده‌بن به تیشك و له‌سه‌ر مێزه‌كانمان وه‌ك گلۆپێك ده‌رده‌كه‌ون، هاوشێوه‌ی سه‌یركردنی فیلمێكی سینه‌مایی كه له ڕێی ئامێری تیشكییه‌وه وێنه‌كه ده‌خاته سه‌ر دیواره‌كانه‌وه.
پرۆسه‌ی دروستكردنی ئه‌مجۆره كۆمپیوته‌ره تا ئێسته له ژێر لێكۆڵینه‌وه و تاقیكردنه‌وه‌دایه و به‌رده‌وام زانایان خه‌ریكی ئه‌وه‌ن كه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر زیاتر په‌ره به‌و دۆزینه‌وه و داهێنانه مه‌زنه بده‌ن، تا كۆمپیوته‌ر ببێت به ته‌نێكی ئاسایی له هه‌موو شوێن و كاتێك ببێت به هاوڕێیه‌كی گرنگ و نزیكی مرۆڤ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كاره‌كانی مرۆڤ جێبه‌جێ بكات، لایه‌نێكی تری گرنگی ئه‌و داهێنانه و ئه‌و جۆره كۆمپیوته‌ره كیمیایییه بریتییه له‌وه‌ی كه نرخی به به‌راورد به كۆمپیوته‌ره‌كانی ئێسته زۆر هه‌رزانتر ده‌بێت و به‌كارهێنانیشی زۆر ئاسانتر ده‌بێت، چونكه ئیتر پێویستمان به به‌یه‌كه‌وه‌به‌ستنی چه‌ندان پارچه‌ی جیا جیا نابێت، تا پێوه‌ست بین به كۆمپیوته‌ر و دواتریش ئینته‌رنێته‌وه، بگره ته‌نیا ئه‌و لووله و بۆڕییه نه‌رمه كه كارلێكه كیمیاییه‌كه‌ی تێدایه و خۆكارانه كار و كاردانه‌وه دروست ده‌كات، بۆ وه‌رگرتن و دانه‌وه‌ی زانیارییه‌كان له نێو بۆكسێكی زۆر بچووك، به شاشه‌ی تیشكییه‌وه ده‌توانرێ هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كانی كۆمپیوته‌ره‌كانی ئێسته چاره‌سه‌ر بكرێن.