ساڵانێكە هەولێری پایەتەختی هەرێمی كوردستان بووەتە ناوەندێكی وەبەرهێنان و ئابووری گرنگ لە عێراق و ناوچەكەدا، بەتایبەتی لە سەردەمی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم، كۆمپانیای دناتای حكوومەتی ئیماراتی، پێشەنگ لە بواری خزمەتگوزاریی فڕۆكەوانی و گەشتیاری، رای گەیاند كە كارەكانی خۆی لە هەولێر لە رێگەی وەبەرهێنانی 17 ملیۆن دۆلار فرەوانتر كردووە.
كۆمپانیاكە بڕی 3.5 ملیۆن دۆلاری بۆ وەبەرهێنانی لە رێگەی دروستكردنی دامەزراوەیەكی نوێ و پێشكەوتوو بۆ زنجیرەیەك كۆگەی ساردكەرەوە و دەزگایەكی چاككردنەوەی پاسە نوێیەكانی لە فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی تەرخان كردووە، هەروەها رای گەیاند كە بە بڕی 14 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی لە رێگەی دروستكردنی كۆگەیەكی هەڵگرتن بە رووبەری 16 هەزار مەتر سێجا كردووە و خستوویەتییە سەر ژێرخانی خزمەتگوزارییەكانی لە عێراق.
ئەو دامەزراوە نوێیانەی دناتا دەبنە هۆی دابینكردنی 100 هەلی كاری ناوخۆیی، هەروەها هێنان و پاراستنی 10 هەزار تۆنی ساڵانە لە مادەكانی زوو تێك دەچن، جیا لەوە تیمی ئەمباركردنی سەر بە كۆمپانیاكە دەتوانن مادە كۆگەكراوە ساردكراو و بەستووەكان و كۆگەی ساردكراو بۆ كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی لە هەولێر دابین بكەن، لەوانە میوەی فرێش و گۆشت و دەرمان.
هەروەها دامەزراوەی چاككردنەوەی پاسەكانی دناتا وا دروست كراوە بۆ پارێزگاریكردن لە كۆمەڵێك پاسی كۆمپانیاكە كە لە هەشت پاسی گواستنەوەی خەڵك و زیاتر لە 10 پاسی گواستنەوەی كەلوپەل كە لە فڕۆكەخانەی هەولێر كار دەكەن.
تۆم ئەلوین جۆنز، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای دناتا هەولێر روونی كردەوە كە وەبەرهێنانی كۆمپانیاكە لە سێ دامەزراوە نوێیەكە، یارمەتی فرە وانكردن و پەرەپێدانی كارەكانی كۆمپانیاكە لە هەولێر دەدات، ئەوە لەگەڵ زیادبوونی داواكاری لەسەر خزمەتگوزاری گواستنەوەی متمانەپێكراوی كۆمپانیاكە لە تەواوی ناوچەكەدا.