چۆن خەڵكی لەخشتە برد.. چیڕۆكی ئەو پیاوە ئایندارە چییە؟

:: PM:08:46:17/05/2022 ‌

گەنجێكی تەمەن سەرووی 30 ساڵ لە گوندێكی میسر، لە حەوشەی ماڵەكەیدا مایكرۆفۆنێكی بە دەستەوەیە و تەسبیحێكی لە مل كردووە، دەیان خەڵكی دەشتەكی سادە دەوریان لێی داوە، ئەو تەنیا كەسێكی ئایندار نییە، وەك خۆی دەڵێت، ئەو كوڕی خاتوو زەینەبی نەوەی پەیامبەری ئیسلامە و یارمەتی هەژاران دەدات، بەڵام بۆچی وا دەكات؟  

"مستەفای بانك"، لە سەتان گرتەی ڤیدیۆیی لە فەیسبووك دەردەكەوێت و لە حەوشی ماڵەكەیدا ئاهەنگی ئاینی دەگێڕێت و گۆشتی قوربانی بەسەر هەژار و نەداران دابەش دەكات، بەڵام كاتێك ئاشكرا دەبێت، باسی ئەوە دەكات كە ئەو پارەی لە خەڵكی خواردووە بۆیانی دەگەڕێنێتەوە، چونكە ئەو كوڕی خاتوو زەینەبە و كاتێك بەڵێن دەدات دەیباتە سەر، ئەو بەو ناوە هەزاران كەسی سادەی هەڵخەڵەتاندووە و پارەی لێ خواردوون.، چیڕۆكی ئەو چییە؟

ئێوارەی پێنجشەمی رابردوو پۆلیسی میسر كۆتایی بە چیڕۆكی مستەفا بەدری، ناسراو بە "مستەفای بانك"، هێنا، كاتێك گرتنی ئەوەی راگەیاند، كە 9.5 ملیۆن جونەی میسری لا بووە، (نزیكەی نیو ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی)، وەك وەزارەتی ناوخۆی میسر باسی كردووە.

دوای گرتنی داواكاری گشتی چوار رۆژ گرتنی بۆ لێكۆڵینەوە راگەیاند، تا ئێستە 800 سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە كە پارەی ئەوانی خواردووە، دەستیش بەسەر كیڵگەیەكی گیراوە، كە 450 سەر رەشەوڵاخی تیادایە، ئەو كەسە لە گوندی بوسیلییە لە پارێزگای ئەسوان لە باشووری میسر وەك شوفێری تو توك كاری كردووە، پێشتر گیراوە، بەڵام خەڵك هەر متمانەی پێی هەبووە، ئەو رەشەوڵاخی لە خەڵكەكە بە نرخێكی زیاد لەوەی هەیە دەكڕییەوە، واتە پێنج بۆ هەشت هەزار جونەی میسری بۆ دەخستنە سەر نرخی خۆی، هاوكات بە نرخێكی كەمتر بە بازرگانانی دەفرۆشتەوە، ئەوەیش وای كرد بازرگانانی رەشەوڵاخ روو لە كیڵگەكانی بكەن.

بە رووكەیش ئەو بازرگانییەی ئەو كەسە دەیكات زەرەرە، لێكدانەوەی ئەو بۆ كارەكانی وا بووە كە ئەو پارەی بەكاری هێناوە، لەلایەن خواوەندەوە بۆی هاتووە بەسەر هەژاران دابەشی بكات، وەك بازرگانییەك لەگەڵ خاتوو زەینەبدا.

محەمەد شەعبان، كەسێكە بەدوای وەرگرتنەوەی مافی خەڵكەكەیە دەڵێت، مستەفای بانك لە مانگی كانوونی یەكەمی رابردووەوە ئەو كارەی دەست پێ كردووە، پارەیەكی زۆری لەو رێگایەوە كۆكردووەتەوە، جووتیاران ئاژەڵەكانیان بەو دەدەن لە بەرانبەر چەكێك دوای 21 رۆژ بە نرخێكی زیاتر پێیان بداتەوە، هەندێك لە خەڵكی گوندەكە لای پیاوانی ئاینی پرسیاران كردووە و ئەوانیش پەسندی كارەكەیان كردووە، بۆیە هەزاران كەس چوونەتە ناو بازرگانییەكەوە. 

مستەفا ماوەی دوو مانگ بە رێكوپێكی پارەی خەڵكی داوە و خەڵكەكە زیاتر متمانەی پێ كردووە و ئاژەڵی خۆیان پێ فرۆشتووە، بەڵام لە كۆتای مانگی نیسانی رابردوودا لە پارەدانەوە بە خەڵك وەستاوە، لەو ساتەوە خەڵكەكە لەبەردەم كێڵگەكەی كۆبوونەوە و داوای پارەی خۆیان كردووە، بۆیە لێرەوە دۆخەكە گۆڕا.

مستەفا خاوەنی ژمارەیەك كیڵگە و كاروانێك ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی بارە، لەسەریان نووسراوە كیڵگەكانی عەمید مستەفای بانك، جیا لە سوپایەك ژمێریار و فەرمانبەری دابەشكردنی پارە، ئێستەیش خەڵكەكە چاوی لە وەرگرتنەوەی پارەكەیەتی، لەو كاتەی قسەی وا هەیە گفتوگۆ لەگەڵ مستەفا كرابێت بەوەی پارەی خەڵكەكە بێ زیادەكەی دەخستە سەر بداتەوە.

ئەحمەد موعتی، شارەزای ئابووری دەڵێت، ئەو جۆرە كارانە لە رووی ئابوورییەوە دەچنە چوارچێوەی "بیردۆزی بونزی"، كاتێك بازرگانەكە بەناوی وەبەرهێنان پارە لە كۆمەڵە كەسێك رادەكێشێت و لە وادەی خۆی لە بری پارەی لێیانی وەرگرتووە قازانجیان پێ دەدات، ئەو سەرەتا متمانە بۆ خۆی دروست دەكات و بەڕێكی كارەكەی دەكات، بەم شێوەیە دەیانكاتە ئامرازێك بۆ راكێشانی خەڵكانێكی زیاتر، لە كۆتادا بڵقەكەكە دەتەقێتەوە و لە پارەدانەوە دەوەستێت، ئەوكاتیش خەڵك دەست بە سكاڵا دەكەن، هۆكاری ئەوەی خەڵكەكە دەكەونە ناو تەڵەی ئەو بازرگانانە هەوڵی دەوەڵەمەندبوونی خێرایە، جیا لە نەبوونی هۆشیاری ئابووری.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل