كوشتیان و تەرمەكەیان بە پەنجەرە هەڵواسی

:: AM:12:10:18/05/2022 ‌

لە رووداوێكی كارەساتباردا تەرمی خاتوو شاهانا فی كیرلا، ئەكتەر و ئەستێرەی هیندستانی بە هەڵواسراوی بە پەنجەرەی ماڵەكەی دۆزرایەوە، ئەوەیش هاوكات لەگەڵ ساڵوەگەڕیی لەدایكبوونی لە 13ی ئەم مانگە، دایكیشی هاوسەرەكەی تۆمەتبار دەكات.

دەسەڵاتدارانی هیندستان تەرمی شاهانەیان بە هەڵواسراوی بە دینگەی پەنجەرەی ماڵەگەی لە پارامبیل بازاڕدا دۆزییەوە، تەرمەكەیشی بە شێوەیەكی نادیار دۆزرایەوە، وەك گۆڤاری "ئیندیەن ئێكسپرێس"ی هیندستانی باسی كرد. 

بەهۆی رووداوەكەوە پۆلیسی هیندستان سەجادی هاوسەری شاهانەیان گرت، ئەوەیش دوای ئەوەی دایك و باوكی قوربانییەكە رایان گەیاند كە كچەكەیان بە تاوانێكی كوشتن لەناو چووە و ئەوان هاوسەرەكەیان بە كوشتنی تۆمەتبار كرد.

شاهانە ماوەی ساڵ و نیوێكە هاوسەرگیری لەگەڵ سەجاد كردووە، لەو ماوەیەدا دووچاری توندوتیژی لەلایەن سەجادەوە هاتووەتەوە، بەپێی هەندێك لە هەواڵەكان لە كاتی دۆزینەوەی تەرمی شاهانە، ئەو ئەكتەرە كە رۆڵی لە فیلمی " Lock Down "ی بینیوە و بەم نزیكانە پەخش دەكرێت، ئەو خۆی كوشتووە، لەو كاتەی دایكی ئەو هەواڵانەی رەت كردەوە و ئاشكرای كرد كە ئەو لەلایەن هاوسەرەكەیەوە توندوتیژی بەرانبەر كراوە و زۆرجار لێی داوە و وەك پێویست خەرجی لێ نەكردووە.

دایكی شاهانە دووپاتی كردەوە، كچەكەم خۆی نەكوشتووە، بەڵكو كوژراوە، بە بەردەوام سكاڵای لای من دەكرد كە هاوسەرەكەی لێ داوە و وەك پێویست خواردنی بۆ دابین نەكردووە و ئازاری داوە، بۆیە ئەوجارە كوژراوە و پێویستە پۆلیس لێكۆڵینەوە بكات و مافی كچەكەم وەربگرێتەوە.  

پۆلیس دەڵێت، ئەو دوو هاوسەرە چەند جارێك شەڕیان كردووە، هۆكارەكەیشی پارە بووە، چونكە هاوسەرەكەی بێكار بووە، لەوكاتەی خاوەن ماڵەكەیان دەڵێت، گوێم لە هاواری سەجاد بوو داوای یارمەتی دەكرد، كە چووم ژنەكەی كەوتبوو، كاتێك لێم پرسی سەجاد گوتی، ئەو وەڵامی نییە، پێوەندیمان بە پۆلیس كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل