لە سلێمانیدا سەگی بەڕەڵا منداڵێك دەكوژن؟

:: AM:09:59:18/05/2022 ‌
لە بەیانی ئەمڕۆوە دەنگۆی پەلاماردانی سەگ بۆ سەر منداڵێك لە سلێمانی بڵاو بووەتەوە. بەڕێوەبەری فریاكەوتنی سلێمانی دەڵێت، هیچ حاڵەتێكی لەو شێوەیە تۆمار نەكراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ـی ئایار، لە بەشێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەواڵی پەلاماردانی سەگ بۆ سەر منداڵێك بڵاو كراوەتەوە، بەپێی ئەو دەنگۆیانە منداڵەكە گیانی لە دەست داوە.

سامان نادر بەرپرسی فریاكەوتنی سلێمانی، بە "وشە"ـی راگەیاند، دەنگۆی پەلاماردانی كۆمەڵێك سەگی سەر شەقامەكان بۆ سەر منداڵێك كە باس لە مردنیشی دەكرێت، رەت دەكەینەوە.

زیاتر گوتی، هیچ حاڵەتێكی لەو شێوەیە تۆمار نەكراوە لەلای ئێمە.

ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراونەتەوە، گوایە شەوی رابردوو لە گەڕەكی ڕاپەڕینی سلێمانی، كۆمەڵێك سەگی بەڕەڵا پەلاماری كچێكی تەمەن 10 ساڵ دەدەن بەناوی "ل، ع"، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە منداڵەكە گیانی لە دەست داوە.



وشە - رامیار جەواد