گووگڵ له‌ نوكته‌كانیشمان ده‌گات

:: PM:04:09:18/05/2022 ‌
كۆمپانیای گووگڵی ئه‌مه‌ریكی جۆرێكی نوێ خوارزمیاتی خستووه‌ته‌ خزمه‌تی به‌كارهێنه‌رانی ماكینه‌ی گه‌ڕانه‌كه‌یه‌وه‌، كه‌ له‌ توانایدایه‌ زۆرترین پێوه‌ندی و نزیكبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مرۆڤ دروست بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌م جۆره‌ نوێیه‌ی خوارزمیات ده‌توانێ له‌ نوكته‌كانیش بگات، كه‌ مرۆڤ بۆ یه‌كتر ده‌یگێڕنه‌وه‌، تا یه‌كتر به‌ پێكه‌نین بخه‌ن و ساتێكی پێكه‌نیناوی و خۆش به‌سه‌ربه‌ن، جیا له‌ تێگه‌یشتن له‌ نوكته‌كان، گووگڵ ده‌توانێ شرۆڤه‌ و شیته‌ڵی نوكته‌كانیش بكات و به‌ وردی شییان بكاته‌وه‌.

ئه‌م خزمه‌ته‌ نوێیه‌ی كۆمپانیای گووگڵ كه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی تری له‌ مۆبایلی زیره‌ك و لاپتۆپ و كاتژمێری زیره‌ك خستوویه‌تییه‌ كاره‌وه‌، ئه‌مه‌یش له‌ چوارچێوه‌ی ستراتیجێكی كۆمپانیاكه‌ دێت، كه‌ مه‌به‌ستیه‌تی زمانی كۆد و زیره‌كی ده‌سكرد هێنده‌ پێش بخات كه‌ بتوانێ به‌ ته‌واوی له‌ هه‌موو جووڵه‌ و ده‌نگ و كردارێكی مرۆڤ تێ بگات و كاردانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مرۆڤ دروست بكات.

بیرۆكه‌ی ئه‌و داهێنانه‌ی خوارزمیاتی نوێی گووگڵ پشتئه‌ستووره‌ به‌ تۆنی ده‌نگ و زمانی جه‌سته‌ و باری جه‌سته‌ی مرۆڤه‌وه‌ له‌ كاتی جووڵه‌ و گوتن و ده‌ربڕین دا، له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ئامێره‌كه‌ كه‌ هه‌ڵگری ئه‌مجۆره‌ خوارزمیاته‌ بێت، به‌ خێرایی شیته‌ڵی تۆنی ده‌نگ و شێوازی جووڵه‌ی ده‌ست و ڕووخساری به‌كارهێنه‌ره‌كه‌ی ده‌كات و به‌ ته‌واوی بۆی ڕوون ده‌بێته‌وه‌، كه‌ نوكته‌ و گاڵته‌ ده‌كات، یان له‌ حاڵه‌تی ڕژد و نۆرمالدایه‌ و مه‌به‌ستی نییه‌ بۆ گاڵته‌ گفتوگۆ بكات.

ئه‌و جۆره‌ نوێیه‌ خوارزمیات كه‌ كۆمپانیای گووگڵ ناوی به‌ "پی ئه‌ی ئێل ئێم" لێناوه‌، كورتكراوه‌ی پاسوه‌ی لانگویج مۆدێله‌، پاڵنه‌ر و پشتیوانێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ زیادكردنی توانای ئامێره‌كان و زیره‌ككردنی زیاتریان تا هێنده‌ی هاوڕێیه‌كی ئاسایی له‌ مرۆڤه‌كان نزیك ببنه‌وه‌ و له‌ هه‌موو كار و كاردانه‌وه‌یه‌ك تێ بگه‌ن. ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ زیره‌كی ده‌ستكرد كه‌ ساڵ دوای ساڵ له‌ نێو ئامێره‌ زیره‌كه‌كان زیاتر جێگه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه‌ و پێشكه‌وتنی گه‌وره‌تر به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت.

كاتێك مرۆڤ نوكته‌یه‌ك ده‌گێڕێته‌وه‌ و ئامێره‌كه‌ تێی ده‌گات و ده‌توانێ به‌هه‌مانشێوه‌ له‌ هه‌مان كاتدا كاردانه‌وه‌یه‌كی پێكه‌نیناوی ئه‌نجام بدات، پاشان ده‌توانێ ده‌ست به‌ شیته‌ڵكردنی نوكته‌ و قسه‌ پێكه‌نیناوییه‌كه‌ بكات و ئه‌و هۆكارانه‌یش بخاته‌ ڕوو، كه‌ وایكردووه‌ ئامێره‌كه‌ ئه‌و قسه‌ و گوتنه‌ی خاوه‌نه‌كه‌ی به‌ نوكته‌ تێ بگات.

له‌گه‌ڵ هه‌ر فه‌رمان و كردارێك چالاك ده‌بن و به‌ دوای جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێن.

ئه‌و داهێنانه‌ی گووگڵ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ دوو ساڵ به‌ر له‌ ئێسته‌یش نموونه‌ی زمانێكی تری كۆدینگ له‌ بواری زیره‌كی ده‌ستكرد به‌ ناوی جی پی تی 3 له‌لایه‌ن كۆمپانیای ئۆپن ئه‌ی ئای خرایه‌ خزمه‌ته‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ 175 ملیار بگۆڕی جۆراوجۆری له‌خۆ گرتبوو، ئه‌مه‌یش پێشكه‌وتنێكی مه‌زن بوو و زۆربه‌ی كه‌موكوڕییه‌كان كه‌ پێشتر له‌ زمانی ئێل ئێل ئێم ئێس بوونی هه‌بوو به‌و كاره‌ی كۆمپانیای ئۆپن ئه‌ی ئای كۆتایی هات، به‌ڵام ئێسته‌ گووگڵ بواره‌كانی زمانی زیره‌كی ده‌ستكرد به‌و خوارزمیاته‌ نوێیه‌ زۆر فره‌وانتر ده‌كات و به‌ ته‌واوی له‌ مرۆڤ نزیكی ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ گۆڕاوه‌كانی بریتین له‌ زیاتر له‌ 540 ملیار بگۆڕ و كۆدی جیا جیا، كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر فه‌رمان و كردارێك چالاك ده‌بن و به‌ دوای جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێن.

تونگ نگوین گه‌وره‌ شرۆڤه‌كاری سه‌ره‌كی له‌ كۆمپانیای گارتنه‌ر بۆ توێژینه‌وه‌ و ڕاوێژی ته‌كنه‌لۆجی له‌باره‌ی ئه‌و داهێنان و پێشكه‌وتنه‌ نوێیه‌ی كه‌ كۆمپانیای گووگڵ خستوویه‌تییه‌ ڕوو ده‌ڵێ، ئه‌مه‌ كارێكی ئاسان نییه‌ بۆ كه‌سانی ئاسایی له‌ گرنگی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی گووگڵ تێ بگه‌ن، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگ و جێی بایه‌خه‌، چونكه‌ پی ئه‌ی ئێل ئێم به‌ ته‌واوی ئامێره‌ زیره‌كه‌كان له‌ بوون به‌ زمان و كه‌سێكی ئاسایی نزیك ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ئامێره‌كان له‌گه‌ڵمان ده‌كه‌ونه‌ پێوه‌ندییه‌وه‌ و وه‌ڵاممان ده‌ده‌نه‌وه‌ و له‌ كاردانه‌وه‌كانمان تێ ده‌گه‌ن.

هاوكات سوندار بیتشای سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كۆمپانیای ئه‌لفابێت ده‌ڵێ، هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ مرۆڤ له‌ هه‌وڵدان بۆ تێگه‌یشتن له‌ زمانه‌كانی تری جیهان تووشی ده‌بێت، به‌ره‌و نه‌مان ده‌چن و كۆتاییان دێت، به‌هۆی پێشكه‌وتنی زمانی كۆدینگ و زیره‌كی ده‌ستكرده‌وه‌، چونكه‌ خه‌ریكه‌ زمانی كۆدینگ ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ خودی مرۆڤ، ته‌نیا به‌ خوێندنه‌وه‌ی تۆن و زمانی جه‌سته‌ له‌ مه‌به‌سته‌كانمان ده‌گات و ده‌توانێ به‌ زمانی جیاواز مه‌به‌سته‌كانمان بكات به‌ گوته‌ و قسه‌ و ده‌ریانببڕێت.

جیا له‌وه‌یش ئه‌م كاره‌ گه‌وره‌ترین یارمه‌تیده‌ر ده‌بێ بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌خوێنن و ده‌یانه‌وێ قورسترین هاوكێشه‌كانی زانستی بیركاری چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه‌ له‌ ڕێی ئه‌و زمانه‌وه‌ ده‌توانن زۆرترین زانیاری و وه‌ڵامی قورسترین پرسیاره‌كانیان ده‌ست بكه‌وێت و به‌سه‌ر هه‌موو به‌ربه‌ست و كێشه‌كانی دێنه‌ به‌رده‌ممان له‌ ڕووی زمانه‌وانی و هه‌ست و گوازراشت له‌خۆكردنه‌وه‌ زاڵ بین.


وشە - تایبه‌ت