چۆن دەتوانرێت پڕۆژەی پاڵپشتیی ئاسایشی خۆراك لە عێراق تێپەڕ بكرێت؟

:: PM:05:01:18/05/2022 ‌

لە ماوەی رابردوودا و بەهۆی تەنگژەی ئۆكراینا نرخی نەوت لە دنیا بەرز بووەوە، عێراق یەكێكە لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، بۆیە لەو دۆخە قازانجی كرد و پارەیەكی زیادەی لە داهاتی نەوتەكەی بۆ هات، هاوكات بەهۆی تەنگژەی سیاسییەوە، تا ئێستە حكوومەت پێك نەهاتووە و بودجەی 2022 نییە، بۆیە بوونی یاسایەك بۆ بەكارهێنانی ئەو پارە زیادە وەك فریاگوزاری بۆ پاڵپشتیی خۆراك و مووچەی تۆڕی كۆمەڵایەتی زۆر پێویستە.

حكوومەتی كاربەڕێكەری ئێستەی عێراق پڕۆژەیاسایەكی بەناوی پاڵپشتیی فریاگوزاری بۆ ئاسایشی خۆراك رەوانەی پەرلەمان كرد بۆ پەسندكردنی، یاساكە سوودی بۆ خەڵك هەبوو و دەستی ئەو حكوومەتەیشی دەكردەوە بۆ خەرجكردنی بڕێكی زۆری پارە بۆ خەرجی رۆژانە و خۆراك و مووچە و كڕینی گەنم و هیتریش، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی سیاسی، دادگای فیدراڵ پڕۆژەیاساكەی هەڵوەشاندەوە، بەو پاساوەی حكوومەتی كاربەڕێكەر و پەرلەمان ناتوانن یاسایەك دەربكەن كە باسی پارەی تیادا بێت.

دوای رەتكردنەوەی پڕۆژەیاساكەی حكوومەت، ئەمڕۆ چوارشەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێشنیازی یاسایەكی نوێی بۆ پاڵپشتیی فریاگوزاری بۆ ئاسایشی خۆراك و پەرەپێدان خستە روو، ئەوەیش وەك شوێنگرەوەی یاسا رەتكراوەكە، لیژنەكە لە بەیاننامەیەكدا روونی كردەوە، مەبەست لەو پێشنیازە یاسایە دوورخستنەوەی تارمایی برسیەتی و خراپی و پچڕانی وزەی كارەبایە لە وەرزی هاویندا، پڕۆژەكە واژووی 25 پەرلەمانتاری لەسەرە. 

نەبیل عللی، شارەزای یاسایی لەبارەی پێشنیازە یاسا نوێیەكە دەڵێت، یاسا نوێیەكە پێچەوانەی دەسەڵاتەكانی پەرلەمانە، سووربوونی سیاسی لەسەر دەركردنی یاسای ئاسایشی خۆراك لە رێگەی پێچەوانەكردنەوەی ئاراستەی دەركردنی یاساكان، كە دەبێت لە حكوومەتەوە پێشنیاز بكرێت و پێشتر دادگای فیدراڵ رەتی كردەوە، ئێستە هەوڵێك هەیە بۆ زیندووكردنەوەی و كردنی بە یاسا بە رێڕەوێكی نوێی یاسایی و لەلایەن لیژنەی داراییەوە بۆ حكوومەت پێشنیاز بكرێت.   

روونی كردەوە، ئەو رەوتەیش پێچەوانەی دەسەڵاتەكانی پەرلەمانە، چونكە هەر یاسایەك باسی پارەی تیادابێت، بەپێی مادەكانی دەستووری عێراق پەرلەمان ناتوانێت دەری بكات، بۆیە رێگەیەكی باشتر ئەوەیە یاساكە وەك پڕۆژەیاسایەك لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە پێشكەیش بكرێت، بەو پێیەی خاوەن دەسەڵاتی تەواوی دەستوورییە، ناوەڕۆكی یاساكەیش تەنیا دەسەڵات بە حكوومەت بدات بۆ واژووكردنی گرێبەستی كڕینی مادەكانی پسوولەی خۆراك بەپێی رێنوێنییەكان و خەرجكردنی شایستەی دارایی جووتیاران.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل