مالیكی بۆ سەدر: حكوومەتێكی وەك باسی لێوە دەكەی پێك نایەت

:: PM:07:57:18/05/2022 ‌

ململانێی دوو بەرەی نەیاری ناو ماڵی شیعە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگاو دەنێت، جیا لەوەی هیچ جۆرە دیدار و گفتوگۆ و لێكنزیكبوونەوەیەكیان نییە، شەڕە قسە و هەندێك جاریش هەڕەشەی ژێراوژێری رووبەڕووبوونەوەی چەكداری و جووڵاندنی شەقام لە دژی یەكتر دەكەن، نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وەڵامی موقتەدا سەدر دەداتەوە.

دوای ئەوەی لە ماوەی دواییدا موقتەدا سەدر لە تویتێك و وتەیەكی ڤیدیۆیی چوارچێوەی هاوئاهەنەگی بەو داخرانە سیاسییە تۆمەتبار كرد و ماوەی مانگێك خۆی كردە ئۆپۆزسیۆن و تەحەدای ئەوانی كرد كە حكوومەتی پێكبێنن، نووری مالیكی لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا وەڵامی سەدری دایەوە و گوتی، ناكرێت حكوومەتێك بەو شێوەی باسی لێوە دەكەن پێكبهێنرێت.

ئەو قسەی مالیكی ئاراستەی موقتەدا سەدر بوو كە لە لێدوانەكانی دوایی باسی سووربوونی لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی كرد دوور لەو بەشبەشێنەی لە 2003ەوە كاری پێ كراوە، مالیكی زیاتر روونی كردەوە، عێراق تەنیا بە هاوبەشی هەمووان پێش دەكەوێت.

دوای ئەوەی لە قسەكانی سەدر رەخنەی لە دادگای فیدراڵ گرت كە پاڵپشتی و چاوپۆشی لە كارەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكات، مالیكی ئاماژەی كرد، رەتكردنەوەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵ و پێشێلكردنی یاسا ئەوپەڕی پشێوییە، ئێمە سەرمان لەو پێداگیرییە سڕ ماوە، وەك ئاماژەیەك بۆ سەدر، كە مەترسییە بۆ سەر رەوتی پرۆسەی سیاسی و دادوەری.

لای خۆیەوە عائید هیلالی، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رای گەیاند كە ماوەیەكی دوورودرێژە چەند لایەنێكی دەرەكی كار لەسەر هەڵگیرسانی دووبەرەكی لەناو ماڵی شیعەدا دەكەن بۆ راكێشانی لایەنەكانی بۆ ناو رووبەڕووبوونەوەیەكی چەكداری. بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە شكستیان خوارد، بۆیە ئێستە سەرلەنوێ هەوڵێكی تر دەدەن.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل