نەخۆشییە دەروونییەكان پێوەندیان بە دەم و ددانەوە چییە؟

:: PM:10:52:18/05/2022 ‌

شارەزایانی تەندروستی باسی ئەوە دەكەن كێشەكانی دەم و ددان رەنگە زەنگی ئاگەداركردنەوە بن بۆ هەبوون یان سەرهەڵدانی كێشەی گەورە لە لەشدا، وەك راپۆرتێكی رۆژنامەی "میرۆر"ی بەریتانی باسی دەكات، بەوەی دەم و ددان یەكەم هێڵی بەرگری لەشن.

نیڵ سیكل، بەرپرسی پزیشكی ددان لە سەنتەری تەندروستی لە بەریتانیا دەڵێت، رەنگە نەخۆشییەكانی دەم و ددان وێنەیەكی روون لەبارەی تەندروستی تاكەوە بدەن، بۆ نموونە لێوی شینهەڵگەڕاو ئاماژەیە بۆ لاوازیی سووڕی خوێن، نەخۆشییەكانی پووكیش بە گشتی ئاماژەن بۆ نەخۆشی شەكرە.

د. حوسێن حەتیت، پسپۆڕی نەخۆشییەكان ددان دەڵێت، توێژینەوەكان بوونی پێوەندی لە نێوان تەندروستی دەم و ددان و تەندروستی لەش دەردەخەن، لەوانە پێوەندیی تێكچوونی دەم و ددان و زیادبوونی بەكتریا لە ددانەكان و هەوكردن لە دەم، رەنگە نیشانەیەك بێت بۆ شێرپەنجە، هەروەها لە حاڵەتی فەرامۆشكردن، رەنگە بەكتریا لە دەمەوە بچێتە ناوچە جیاوازەكانی لەش و نەخۆشی دڵ و لوولەكانی خوێن دروست بكەن.

ئەو پزیشكە زیاتر روونی كردەوە، بۆنی دەم واتە بوونی كەڕوو، ئەوەیش ئاماژەیە بۆ بوونی نەخۆشی لە كۆئەندامی هەرس، هەروەها نەخۆشییەكانی دەم و پووك كار لە تەندروستی ژنی دووگیان دەكات، وەك ئەگەری دروستبوونی زوومندالبوون، چونكە هۆرمۆنەكانی ژنی دووگیان بە تەندروستی ددانەوە كاریگەر دەبێت. 

لە توێژینەوەیەكی تر لەبارەی كاریگەری تەندروستی دەم و ددان لەسەر تەندروستی مێشكی مرۆڤ دەركەوتووە كە ددانی شێواو وا دەكات خاوەنەكەی خۆی لە شەرمەزاریی پێكەنین و قسەكردن بەرانبەر بە خەڵكی دوور بخاتەوە و ببێتە كەسێكی دابڕاو و لە خەڵك دوور بكەوێتەوە یان كەمتر قسە بكات و پێبكەنێت، خەڵكانێكیش كێشەی جیڕەی ددانیان هەیە كە بەهۆی ماندووبوون و راراییەوە دروست دەبێت.

د. ریم حەرەكە، پزیشكی پسپۆڕی دروونناسی دەڵێت، رەنگە كێشە دەروونییەكان كار بكەنە سەر تەندروستی ددانەكان و جەستە، زۆرجار نەخۆشانی تووشبوو بە خەمۆكی بڕێكی زۆر خۆراكی زیانبەخش یان خواردنەوەی زۆر شیرین دەخۆن و جگەرەی زۆر دەكێشن، بەوەیش كێشەی ددان و پووكیان زیاتر دەبێت، رەنگە هەندێكیان بەو هۆیەوە واز لە خواردن بێنن، ئەوكات تووشی لاوازیی جووڵەی دەم و شەویلاك و جەستەیان دەبنەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل