بایرن میونشن له‌ باره‌ی لێڤاندۆڤسكی قسه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان كرد

:: AM:01:48:19/05/2022 ‌
هێربێرت هاینەر سەرۆکی یانەی بایرن میونشنی ئه‌ڵمانی، لە بارەی داهاتووی رۆبێرت لێڤاندۆڤسکیی یاریزانی یانه‌كه‌ی قسه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی كرد.

گرێبه‌ستی هێرشبه‌ره‌ پۆڵەندییه‌كه‌ لەگەڵ یانه‌ی بایرن میونشن لە هاوینی 2023 کۆتایی دێت و یانه‌كه‌ش هه‌وڵی نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی نه‌داوه‌.

لێڤاندۆڤسکی ئارەزووی رۆیشتنی لە یانەی بایرن میونشن راگەیاندووه‌ و چەند راپۆرتێکیش باس لەوە دەکەن هێرشبەرە پۆڵەندییەکە پێشتر رێککەوتنی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا كردووه‌، كه‌ هاوینی ئه‌مساڵ بچێته‌ ئیسپانیا.

هاینەر لە لێدوانێکدا، کە ڕۆژنامەی ئیسپانی "موندۆ دیپۆرتیڤۆ" ئاماژەی پێ کردووە، ده‌ڵێت: "ڕۆبێرت لێڤاندۆڤسکی ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەیەکی سەرنجڕاکێشی گۆڵ تۆمار دەکات، بۆچی دەبێت ده‌ستبه‌رداری بیت".

گوتیشی: "هیچ یاریزانێکی جێگرەوە نییە بۆ لێڤاندۆڤسکی، کەسیش بە بەردەوامی گۆڵێکی زۆر ناکات، چەند جارێکیش گوتومە لیڤا تا مانگی حوزەیرانی 2023 گرێبەستی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هەیە و تا کۆتایی گرێبەستەکەی دەمێنێتەوە".

لە کۆتاییدا گوتی: ئەو ناوانەی کە بایرن چاودێرییان دەکات لە مێرکاتۆ، یەکێکیان سادیۆ مانێیە، ئێمە بە دوای یاریزاندا دەگەڕێین لە ته‌واوی مێرکاتۆدا، هەروەها هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پێکهێنانی تیپێکی ركابه‌ر بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كان".



وشە - ئەرسەلان عەبدوڵا