ئاگاداری بە چەند گوندێكی كورد دەدرێ‌ كە زەوییەكانیان داگیر كراوە

:: AM:10:09:19/05/2022 ‌
لەلایەن ژمارەیەك چەكداری عەرەب لە سنووری سەرگەڕان، ئاگاداری بە جووتیارانی ئەو سنوورە دەدرێ‌ كە نەچن بۆ دروێنەی زەوییەكانیان، پێیان دەڵێن موڵكی ئێوە نییە.

ماوەی دوو ڕۆژە گرژییەكان روویان لە گوندەكانی سنووری سەرگەڕان كردووەتەوە، ژمارەیەك چەكداری عەرەب لەڕێی ئەفسەرێك و چەند چەكدارێك، هەڕەشە لە جووتیارانی كوردی ئەو سنوورە دەكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی ئایار، عزەدین محێدین جووتیار لە سنووری سەرگەڕان، بە "وشە"ـی راگەیاند، لەلایەن ئەفسەرێك و چەند چەكدارێكی عەرەب، هەڕەشە لە جووتیارانی ئەو سنوورە دەكرێت كە نابێ ئەمساڵ دروێنەی گەنمەكانیان بكەن، پێیان وایە موڵكی عەرەبەكانە.

زیاتر گوتی، ئەو عەرەبانە پاڵپشتیی پارێزگاری سەپێنراوی كەركووكیان هەیە كە ئەو زەوییانە موڵكی ئەوانە، لە كاتێكدا ئێمە تاپۆمان هەیە كە ئەو زەوییانە موڵكی ئێمەیە، بۆیە بۆیان چۆڵ ناكەین.

روونی كردەوە، ئەمڕۆ بەیانی جارێكی تر ڕێگریی كراوە لە چوونی جووتیاران لە گوندی خەرابە و باشووری سەرگەڕان، بچنە سەر زەوییەكانیان و هێزێكی چەكدار لەو شوێنە جێگیر كراون.

ئەو هەوڵە لە كاتێكدایە ساڵی رابردووش بەهۆی بڕیارێك، چاندنی گەنم لە 500 دۆنم زەویی كوردی راگیرا، ئێستەیش عەرەبەكان لەڕێی ئەو دەستڕۆیشتووەی لە ناوچەكەدا هەیانە، دەیانەوێت دەست بگرن بەسەر تەواوی زەوییەكانی كورد.


وشە - رامیار جەواد