چوار وڵاتی گەورەی دنیا لە ژاپۆندا كۆ دەبنەوە

:: AM:10:26:19/05/2022 ‌
دەسەڵاتی ژاپۆن لە ئێستەوە 18 هەزار پۆلیسی بۆ پارێزگاریكردن لە سەرۆكانی ئەمەریكا، هیندستان و ئوسترالیا ئامادە كردووە. بڕیارە ئەو وڵاتانە و وێڕای ژاپۆن كە بە چوار وڵاتی گەورەی دنیا هەژمار دەكرێن، دوو رۆژی تر لە تۆقەڵانێك لە ژاپۆن كۆ ببنەوە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، بڕیارە ئەمەریكا، هیندستان، ژاپۆن و ئوسترالیا لە 22 تا 24ی ئەم مانگە لە تۆكیۆ پایەتەختی ژاپۆن لە تۆقەڵانێكدا، كۆ ببنەوە و پرسی تەناهی تاوتوێ بكەن. 

ئاژانسی هەواڵی تۆكیۆی ژاپۆن بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی ئەو كۆبوونەوەیە تۆقەڵانە كە بە كۆبوونەوەی چواریی ناو دەبرێت، دەسەڵاتی ژاپۆن بۆ پارێزگاركردن لە سەرۆكانی ئەو وڵاتانە، 18 هەزار پۆلیس و یەكەیەكی تایبەتیشی ئامادە كردووە، لە ئێستەوە بڕیارە تەناهییەكان لەو وڵاتە جێبەجێ دەكەن.

پۆلیسی ژاپۆن لە ئەمڕۆ پێنجشەمەوە چەندان شەقامی پایەتەختی گرتووە و رێ نادەن هاتوچۆ بەو شەقامانەدا بكرێت، لە چەند شەقامێكی تریشدا خێرایی ئۆتۆمبێلەكان كەمتر كراوەتەوە، ئەوانەیش بۆ ئاسایشی وڵاتەكە و پارێزگاریكردن لە سەرۆكانی ئەو وڵاتانەیە.

هاوكات پۆلیس بەربەستی لە بەردەم باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە تۆكیۆ داناوە و لە ئێستەوە هیچ ئۆتۆمبێلێك ناتوانێ بەو شەقامەدا تێپەڕێت.

هاوكات وەك ئاژانسەكە ژاپۆنییەكە ئاماژەی پێ داوە، جیا لەو ژمارە زۆرەی پۆلیس، هاوكات ژاپۆن یەكەیەكی تایبەتیشی ئامادە كردووە كە چاودێریی ئاسمانی وڵاتەكە دەكەن، رێ لە هەر فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان دەگیرێت كە بە ئاسمانی ژاپۆندا تێپەڕێت.

لە ساڵی 2019یشدا ژاپۆن هەمان ئەو رێوشوێنانەی بەڕێوە برد كاتێك سەرۆكی پێشتری ئەمەریكا دۆڵاند ترەمپ، بۆ كۆبوونەوە سەردانی ئەو وڵاتەی كرد.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د