چەند پەرلەمانتارێكی نوێ‌ لە عێراق دەستبەكار دەبن

:: AM:11:57:19/05/2022 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆ ببێتەوە و تەوەری كۆبوونەوەكانیش چەند بابەتێك لە خۆ دەگرێت، پێشنیازە یاسای ئاسایشی خۆراك و سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی نوێ‌، تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە دەبێت.

پەرلەمانی عێراق بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەسەر پێشنیازە یاسای ئاسایشی خۆراك، بڕیاری كۆبوونەوەی داوە كە ڕۆژی سێشەم دادگای فیدراڵی عێراق رەتی كردەوە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ چەند پەرلەمانتارێكی نوێ‌ دەستبەكار دەبن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی ئایار، بڕیارە پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی تر ئەنجام بدات و بەپێی كارنامەكەی، لە كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە یاسای پشتیوانی خێرای ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان دەكرێت.

لە تەوەری دووەمی دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراقدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاسای قەدەغەكردنی ئاساییكردنەوە و دامەزراندنی پێوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل دەكات.

تەوەری كۆتایی كۆبوونەوەكە بریتی دەبێت لە سوێندخواردنی چەند پەرلەمانتارێك كە تازە دەستبەكار دەبن، یان شوێنی پەرلەمانتاری تریان گرتووەتەوە.

دۆخی ئێستەی عێراق لە خراپترین كاتی سیاسیی خۆیەتی، بەپێی یاسا پێویست بوو لە دانیشتنەكاندا سەرەتا پرسی سەرۆك كۆماری عێراق و حكوومەتی نوێ‌ بخرێتە گفتوگۆوە، بەڵام بەهۆی نەگەیشتنی لایەنەكان بەهیچ ئەنجامێك، ئەو دانیشتنە ئەنجام نەدراوە.



وشە - رامیار جەواد