شاخەوان عەبدوڵا زمانی كورد لە پەرلەمانی عێراقدا دەكاتە مەرج

:: PM:12:24:19/05/2022 ‌
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نووسراوێك ئاراستەی پەرلەمانتاران دەكات كە تێیدا هاتووە، پێویستە هەر نووسراوێك دەینێرن بۆ سەرۆكایەتی، دەقی كوردیشی لەگەڵدا بێت، ئەگەر نا كاری پێ ناكرێت.

لە دەستووری عێراقدا زمانی كوردی بە فەرمی ناسێنراوە، بەڵام لە ماوەی رابردوودا كار بە زمانی كوردی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشێوەی پێویست نەكراوە، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانتاران ئاگادار دەكاتەوە كە نووسراوەكانیان زمانی كوردیشی لەگەڵدا بێت.

بەپێی نووسراوێكی شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە ئاراستەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە، تێیدا هاتووە هەر نووسراوێكی فەرمیی پەرلەمانتاران ئەگەر دەقی كوردیشی لەگەڵ نەبێت، كاری لەسەر ناكات و وەڵامی ناداتەوە.

ئەو نووسراوە لە كاتێكدایە پێشتر ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بەتایبەتی كوردەكان، كێشەیان هەبوو لەسەر زمانی كوردی كە تەنیا بە زمانی عەرەبی دەیاننووسی، بەڵام ئێستە شاخەوان عەبدوڵا لە نووسراوەكاندا وێڕای زمانی عەرەبی، دەقی كوردیشی لە پەرلەمانی عێراقدا كردووەتە مەرج.
 



وشە - رامیار جەواد