كاتێك مێش بەسەر خواردنەوە دەنیشێت چی دەبێت؟

:: PM:04:28:22/10/2016 ‌

مێش ئەو مێرووە كۆڵنەدەرەی كە بە بەردەوام لە نزیكی ئێمەوە هەیە، ئەو زیاتر لە وەرزی هاوین دەردەكەوێت بەتایبەتی لەكاتی نانخواردندا بێزارمان دەكات و تەنانەت هەندێك جار دەبێتە ململانێ بۆ دوورخستنەوەی، رەنگە ئەو بۆ ساتێكی كەم لەسەر خۆراكەكەتدا بنیشێت و تۆ گرنگی بەوە نەدەیت، بەڵام لەو ساتە كەمەدا چی دەكات؟.

لە راپرسییەكی ئەمەریكایی كە 300 كەسی گرتەوە لە 2014 ئەو پرسیارە كرا كە كەی خۆراكەكە تەواو ناكەیت ئەگەر یەكێك لەوانەی خوارەوە كەوتە ناو چێشتەكەت یان لەناو خۆراكی پێشت بینیت، قرتێنەرێك، واتە مشك و ئەوانی تر، سیسرك، مێش، مێروولە، مارمیلكە.

وەڵامی 61%ی بەشدارانی راپرسییەكە بەرەو سیسرك دەچوو و تەنیا 3%یان باسی مێشیان كرد، بەڵام لە راستیدا ئەوان نازانن كە ئەو قەبارە میكڕۆبەی مێش هەڵی گرتووە، دوو هێندی ئەوەی سیسركە. 

رەنگە پرسیار بكەیت كە ئەو كاتەی مێش لەسەر خۆراك دەنیشێت چی دەكات، ئەو ناتوانێت خۆراكی رەق بخوات، بۆیە كاتێك دەچێتە سەر خۆراكەكەت مادەیەك دەڕشێتەوە كە خۆراكەكە نەرم دەكات و ئینجا دەست بە مژینی دەكات، هاوكات پاشەڕۆكانی جێ دەهێڵێت. 

مێش زیاتر لە 200 جۆری بەكتریای ترسناك هەڵدەگرێت، ئەوەش بەهۆی وەستانی لەسەر زبڵ و مادەی پیس، بەتایبەتی مێیینەكانیان كە لەسەر تەرم و پاشماوەی ئاژەڵەكان و تەنەكەی خۆڵ و پاشەڕۆی ئاژەڵ و مرۆڤ دەنیشێت بۆ دانانی هێلكە.

جا بەو هۆەیەی كە پێیەكانی بە مووی ورد داپۆشراوە كە مادەی پیس و زیانبەخش هەڵدەگرێت، بۆیە ئەو كاتەی لەسەر خۆراكی تۆ دەنیشێتەوە هەموو ئەو جۆرە بەكتریا و میكڕۆبانە دەگوازێتەوە و رەنگە تووشی كۆلێرا و تایفۆئید و سكچوونت بكات. 

مێش تەنیا پێویستی بە چەند چركەیەك هەیە بۆ گواستنەوەی میكرۆبەكان بۆ خۆراكەكەت، بەڵام ئەوەی لە بەرژەوەندیی مرۆڤە كە مێش هەموو جارێك ئەو مەترسییەی نییە، هەروەها سیستمی بەرگریی لەشی مرۆڤ و ئەو دژە بەكتریایەی لە لیكی هەیە، دەبێتە هێڵێكی بەرگری لە دژی ئەو میكرۆبانەی لەو رێگەوە بۆمان دێت. 

سەرچاوە: فاس نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل