پێدانی تابلۆ نوێیەكەی ئۆتۆمبێل راگیرا

:: PM:02:17:29/05/2022 ‌
بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی رای دەگەیەنێت، پێدانی تابلۆ نوێیەكەی ئۆتۆمبێل ئەوەی تایبەت كراوە و نرخەكەی دوو ملیۆن دینارە، رادەگیرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 29ـی ئایار، بەختیار محەمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، پێدانی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل بەردەوامە و خواستێكی زۆری لەسەرە.

ئێمە داوای میكانیزمی نوێمان كردووە، وەزارەتی ناوخۆش لەگەڵمان لەسەر خەتە.
زیاتر گوتی، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ، قەرەباڵغی زۆریان لەسەرە و تا ئێستە بەردەوامن لەسەر كارەكانیان بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە، كۆمەڵێك رێكارمان گرتەبەر لە زیادكردنی كاتی دەوام و زیادكردنی لیژنەكان لە هۆبە تایبەتەكان، بەڵام ئێمە داوای میكانیزمی نوێمان كردووە، وەزارەتی ناوخۆش لەگەڵمان لەسەر خەتە.

باسی لەوەش كرد، پێدانی جۆرە ژمارەیەكی تایبەت هەیە كە بڕی تێچووی دوو ملیۆن دینارە، ژمارەیەكی ئێجگار زۆر خەڵك داوایان كردووە، خواستێكی زۆری لەسەرە و قەرەباڵغییەكی زۆری لە هاتوچۆدا هەیە.

روونی كردەوە، بەهۆی مەترسی لە روودانی هەڵە و كێشەی یاسایی لەكاتی دروستبوونی ئەو قەرەباڵغییەی كە لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ دروست بووە، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیار دراوە مامەڵەی ئەو تابلۆیانەی رسووماتەكەی دوو ملیۆن دینارە، بەكاتی رابگیرێت تا میكانزمێكی گونجاوتر كە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی تێیدا بێت.



وشە - رامیار جەواد