مەلایەك و كوڕێكی كوژران

:: PM:04:32:31/05/2022 ‌

زۆربوونی رێژەی كێشە كۆمەڵایەتییەكان بە هەموو جۆرەكانییەوە، بەتایبەتی قورسەكانی، رەنگدانەوەی ئاڵۆزیی دەروونی خەڵك و كۆمەڵگەیە، لە سایەی بوونی سیستمێكی سیاسی و ئابووری شەكەت و ئاڵۆز و نائاسایی، ئەوەیش لە عێراق زۆر بە جوانی هەستی پێ دەكرێت، لە باشووری عێراق بە رۆژی رووناك مەلایەك و كوڕێكی دەكوژرێن، هەر لە باشوور هەڕەشەی خوێن لە دوو كەسایەتی دەكرێت.
لاوازیی یاسا و هێزە تەناهییەكان چەكی بەرەڵا و هۆزەكان بەهێز دەكات
سەرچاوەیەك لە پارێزگای میسان رای گەیاند كە ژمارەیەك چەكداری هۆزی سادە، لوولەی چەكەكانیان ئاراستەی رەحیم یاسری، مەلا و كوڕێكی بەناوی موقتەدا كردووە و ئەوانیان كوشتووە، رووداوەكە لە ناوچەی ئەبو رومانە لە ناوەڕاستی شاری عیمارە سەنتەری پارێزگاكە رووی داوە، هۆكارەكەیشی ئەوە بووە ئەو مەلایە بێ ئاگەداری كەسوكاری ژنێكی مارە كردووە.

لە پارێزگای زیقاڕ ژمارەیەك كەسی نەناسراو دەستەواژەی "داواكراوی خوێن"یان لەسەر دیواری نۆرینگەی د. هەیسەم حنزەڵ، یەكێك لە پزیشكە ناودارەكانی دەمار لە عێراق نووسیوە، بێ روونكردنەوەی هۆكارەكەی نۆرینگەكەیان داخستووە.

لە پارێزگای نەجەف، كەسانی نەناسراو پەیامێكی هەڕەشەئامێزیان ئاراستەی شێخ موحسین ئال عوگلە ئال شوجە، شێخی تەواوی هۆزەكانی عەبودە لە ناوچەی فوراتی ناوەڕاست كرد، ئەوان بە رەنگی سوور نامەكەیان نووسیوە و هەڕەشەی سەربڕینیان بۆ جاری داهاتوو لێی كردووە، بێ روونكردنەوەی هۆكاری هەڕەشەكەیان.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل