لە ئێرانەوە بەنزینی خراپ هاوردەی كوردستان دەكرێت

:: PM:02:02:06/10/2016 ‌
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی گەرمیان، داخستنی چەند بەنزینخانەیەك لە سنوورەكەیاندا رادەگەیەنێت بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی خراپەوە. ئاماژە بە هاوردەكردنی بەنزینی كوالێتی نزم لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەكات.

یادگار فەتاح بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، لیژنەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی گەرمیان بەهاوكاری لیژنە تایبەتەكانی قایمقامیەتی شارۆكەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، بەردەوامن لە چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان بۆ داخستنی ئەو بەنزینخانانەی كە بەنزینی خراپ و كوالێتی نزم دەفرۆشن.

بەگوتەی ئەو، لەو چوارچێوەدا ئەمڕۆ پێنجشەم 6ی تشرینی یەكەمی 2016 بەنزینخانەكانی ئەبو عەلی، شەهیدان و خورشید لە شارۆكەی كفری داخران.

فەتاح دەڵێ‌، "هەریەك لە بەنزینخانەكان بە بڕی 250 هەزار دینار سزای مادی دران و بۆ ماوەی هەفتەیەك دادەخرێن".

بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی گەرمیان روونی كردەوە، "ئێمە رێگری دەكەین لە هێنانی خراپی بەنزین لە وڵاتی ئێرانەوە، بەڵام پاش پشكنینی ئێمە ئەگەر خراپ بێ و لەگەڵ ئەوەشدا ببردرێت بۆ ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان، ئێمەی لێی بەرپرس نین".

لە دوو هەفتەی رابردوودا، 75 تانكەر بەنزین كە لە ئێرانەوە هاوردەی كوردستان كرابوون، لە پشكنینەكانی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی گەرمیان دەرنەچوون و بڕیاری راگرتنیان درا، بەڵام دواتر بە بڕیارێكی تایبەت بۆ سلێمانی گواسترانەوە.

بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی گەرمیان دووپاتی كردەوە، لە سنوورەكەیاندا بەنزینی باش و خراپ تێكەڵ دەكرێت و لە بەنزینخانەكاندا هەوڵی ساخكردنەوەی دەدرێت، لەكاتێكدا لیژنەكانی چاودێری بەدواداچوون بۆ بەنزینخانەكان دەكەن و لە هەفتەی پێشتریشدا سێ‌ بەنزینخانە لە كفری و سێی تر لە كەلار بەو هۆیەوە داخراون.

عەلی تۆفیق سەرپەرشتیاری مەرزی پەروێزخان، بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "هەر بەنزینێك لەلای ئێمەوە لە پشكنین دەرنەچێت و لەلایەن بەپرسانەوە رێگەی گواستنەوەی بۆ ناوچەكانی تر بدرێت، ئێمە لێی بەرپرس نین، هاوشێوەی ئەو 75 تانكەر بەنزینەی سەرباری خراپی كوالێتییەكەیان، لە گەرمیانەوە بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی بران".

لەماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە 12 بەنزینخانە لە سنووری گەرمیان بەهۆی خراپی كوالێتی بەنزینەكەیان زیاتر لە جارێك سزا دراون، لە هەفتەكانی رابردووشدا 75 تانكەری بەنزین كە لە ئێرانەوە هاتبوون، سەرباری دەرنەچوونیان لە پشكنینی كوالێتی لە گەرمیان، بەڵام بۆ سلێمانی گواسترانەوە.

وشە/گەرمیان- سەبری هۆرینی
پێداچوونەوە: ر. ف


وشە - ڕێبین فه‌تاح