مەسروور بارزانی: داعش گەیشتووەتە كۆتا

:: PM:04:39:22/10/2016 ‌

ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا، دوا پێشهاتەكانی شەڕی دژ بە داعشیان تاوتوێ كرد.

ئەمڕۆ شەموو، مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەگەڵ برێت مەكگورك نێردەی تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانیی جیهانی دژی داعش و شاندێكی یاوەری، كۆ بووەوە و لە دیدارێكدا دوا پەرەسەندنە سەربازییەكانی بەرەكانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بە گشتی و ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە تاوتوێ كران، هەردوولا دووپاتیان لە بایەخ و بەردەوامی پشتیوانی ئاسمانی و تێبینكردنی گۆڕانكاری بەرچاو لە زیاتركردنی هێرشە ئاسمانییەكان لەچاو سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ كردەوە. 

پەیوەست بە پێشڕەوییەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی پێشمەرگە لە باكور و باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ، مەسروور بارزانی رای گەیاند: داعش لە زۆر بەرەوە تێك شكاوە، ئەمەی هەیە ئاماژەیە، كە لەڕووی سەربازییەوە لە كۆتا نزیك كەوتوونەتەوە. 

لەلای خۆیەوە برێت مەكگورك دووپاتی لە بەردەوامیدان بە پاڵپشتی و پشتیوانیكردنی ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگە كردەوە و رای گەیاند، ئێمە بەیەكەوەین و پشتیوانیمان بۆ تێكشكاندنی ئەو دوژمنە دڕەندەیە بەردەوام دەبێت.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكە پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تیشكی خرایە سەر و هەماهەنگی و گفتوگۆی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ بە هەنگاوێگی گرنگ دانرا بۆ شكستپێهێنان بە داعش و چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق.

هەر لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانیی جیهانی دژی داعش، پرسە و سەرەخۆشی باراك ئۆبامای لە كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە قارەمانەكان كرد و هیوای زوو چاكبوونەوەشی بۆ بریندارەكان خواست. 

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان سەرەخۆشی لە سوپای ئەمەریكا و بنەماڵەی ئەو سەربازە ئەمەریكییە كرد كە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا گیانی بەخشی.


وشە - كوردۆ شابان