تمه‌ن نزمترین نرخی له‌ ماوه‌ی 20 مانگی رابردوو تۆمار كرد

:: AM:09:54:02/06/2022 ‌
نرخی تمه‌ن له‌ دابه‌زین به‌رده‌وامه‌ و به‌رانبه‌ر دۆلار گه‌یشته‌ نزمترین نرخ كه‌ له‌ 20 مانگی رابردوو تۆمار كرابێت. له‌وه‌ته‌ی ئیبراهیم ره‌ئیسی بووه‌ته‌ سه‌رۆك كۆمار، تمه‌ن 25%ی تر به‌های خۆی له‌ ده‌ست داوه‌.

به‌هۆی راوه‌ستانی دانوستانی ناوكیی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران، نرخی تمه‌ن رووی له‌ دابه‌زین كردووه‌ و ئێسته‌ هه‌ر دۆلارێك به‌ نزیكه‌ی 32 هه‌زار تمه‌ن ده‌فرۆشرێت، له‌ كاتێكدا سه‌ره‌تای ئه‌مساڵی زاینی به‌ 25  هه‌زار تمه‌ن ده‌فرۆشرا.

ره‌وتی دانوستانه‌كان له‌ رابردوودا كاریگه‌ری ئه‌رێنی و نه‌رێنی له‌سه‌ر به‌های تمه‌ن هه‌بووه‌. له‌ پایزی رابردوو به‌رله‌وه‌ی دانوستانه‌كانی نێوان حكوومه‌تی نوێی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا ده‌ست پێ بكات، نرخی هه‌ر دۆلارێك سه‌رووی 30 هه‌زار تمه‌ن بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ دستپێكردنی دانوستانه‌كان نرخی تمه‌نیش رووی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كرد.

به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی تمه‌ن تا نه‌ورۆز به‌رده‌وام بووه‌ و كاتێك ئاراسته‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ بووه‌وه‌، دانوستانی ناوكی دووباره‌ به‌هۆی هه‌ندێك مه‌رجی نوێی ئێران وه‌ستا.

گرنگترین خاڵ كه‌ له‌مدواییانه‌دا باس و خواستی گه‌رم بووبوو، مه‌رجی هێنانه‌ ده‌ره‌وه‌ی سوپای پاسدارانه‌ له‌ لیستی تیرۆر كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ خراوه‌ته‌ روو، به‌ڵام له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا ره‌ت كراوه‌ته‌وه‌.

نرخی هه‌ر دۆلارێك به‌ر له‌ سزاكانی ئه‌مه‌ریكا خوارووی چوار هه‌زار تمه‌ن بوو


نرخی هه‌ر دۆلارێك به‌ر له‌ سزاكانی ئه‌مه‌ریكا خوارووی چوار هه‌زار تمه‌ن بوو، به‌ڵام سزاكانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئێران ئه‌وه‌نده‌ قورس بوون، له‌ پڕ به‌های تمه‌نیان به‌رانبه‌ر دۆلار زۆر دابه‌زاند و ئێرانیان تووشی دۆخێكی ناله‌باری ئابووری كرد.

ماوه‌ی رابردوو دامه‌زراوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ی بازرگانی ئێران له‌ نوێترین راپۆرتیدا پێشبینی كرد، تێكڕای نرخی دۆلار له‌مساڵدا بگاته‌ 30 هه‌زار تمه‌ن.

نرخی دۆلار به‌رانبه‌ر تمه‌ن له‌ ساڵی رابردوودا هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زێكی زۆری هه‌بوو و له‌ نێوان 21 هه‌زار تمه‌ن تا 30 هه‌زار تمه‌ن فرۆشرا، به‌ڵام تێكڕای نرخی دۆلار 26 هه‌زار و 650 تمه‌ن بوو. تێكڕای نرخی دۆلار له‌ دوو ساڵ پێشتریش 13 هه‌زار تمه‌ن و 23 هه‌زار تمه‌ن بووه‌.

كورتهێنانی بودجه‌، به‌رزبوونه‌وه‌ی قه‌باره‌ی نه‌ختینه‌یی، دابه‌زینی به‌رهه‌مهێنان و شپرزه‌یی دۆخی ئابووری ئێران، هۆكاره‌ له‌وه‌ی ئومێدێك بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی تمه‌ن نه‌بێت و پێشبینی دابه‌زینی ده‌كرێت.

جێی باسه‌ رێژه‌ی هه‌ڵاوسان له‌ ساڵی رابردوودا نزیكه‌ی 40% بوو و پێشبینی كراوه‌ ئه‌مساڵ رێژه‌كه‌ نزیكه‌ی 36% بێت.

سه‌رووی 60 ملیۆن كه‌س له‌ ئێران پێویستیان به‌ هاوكاری هه‌یه‌.


دابه‌زینی نرخی تمه‌ن له‌لایه‌ك و به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی رێژه‌ی هه‌ڵاوسان له‌لایه‌كی تر، كاریگه‌ریی زۆر خراپی بۆ سه‌ر ژیانی خه‌ڵك هه‌بووه‌ و رێژه‌ی هه‌ژاری له‌م وڵاته‌ به‌رز كردووه‌ته‌وه‌. ماوه‌ی رابردوو به‌رپرسێكی ئێران خۆی ددانی به‌وه‌ نا كه‌ 30 ملیۆن كه‌س له‌ دانیشتووانی ئێران له‌ ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین و سه‌رووی 60 ملیۆن كه‌سیش له‌ ئێران پێویستیان به‌ هاوكاری هه‌یه‌.

نرخی تمه‌ن له‌ كاتێكدا داده‌به‌زێت كه‌ ئێران له‌ فرۆشتنی نه‌وت، ئه‌مساڵ پاره‌ی زیاتری ده‌ست كه‌وتووه‌، له‌لایه‌ك به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو رۆژانه‌ 100  تا 200 هه‌زار به‌رمیل زیاتری فرۆشتووه‌، نرخی نه‌وتیش به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بووه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێران 20 دۆلار كه‌متر له‌ نرخی جیهانی ده‌یفرۆشێت.

 ئه‌گه‌ر سزاكان له‌سه‌ر ئێران لابچن و رێككه‌وتنی ناوكیی بكرێت، ئه‌وا ئێران له‌لایه‌ك ناچار نییه‌ 20 دۆلار هه‌رزانتر بفرۆشێت و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌توانێ رۆژانه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وت بۆ دوو تا سێ هێنده‌ی ئێسته‌ی به‌رز بكاته‌وه‌. به‌ رژانی زیاتری دۆلار بۆ بازاڕه‌كان، ده‌توانێ پێش به‌ زیاتر دابه‌زینی به‌های تمه‌ن بگرێت، هه‌ندێك چاودێری ئابووری پێیان وایه‌ دۆخی ئابووری ئێران ئه‌وه‌نده‌ شپرزه‌یه‌، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنیش بكرێت، ئه‌وا به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های تمه‌ن كاتیی ده‌بێت و دووباره‌ نرخه‌كه‌ی ده‌شكێته‌وه‌.

ئومێدی رێككه‌وتن دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری دا سوپای پاسداران له‌ لیستی تیرۆر نه‌هێنێته‌ ده‌ره‌وه‌، زۆر كه‌متر بووه‌ و ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كیی زیاتر دابه‌زینی به‌های تمه‌ن به‌رانبه‌ر دۆلار بێت.


وشە - سلێمان تاشان