ئێران جاریکیتر فڕۆکەخانەکانی بەڕووی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیادا کردەوە

:: PM:05:51:28/03/2017 ‌
وەزیری دەرەوەی ئێران رای گەیاند، فڕۆکەخانەکانی ئێران بەڕووی مۆسکۆدا واڵایە و هەرکات رووسیا بە پێویستی زانی دەتوانێ بۆ لێدانی تیرۆریستان لە سووریا بەکاریان بهینیت.

ئەمڕۆ سێشەم 28ی ئادار/مارس، محەمەدجەواد زەریف لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رای گەیاند، رێگە بە رووسیا دەدەین بۆ بۆردمانکردنی تیرۆریستان لە سووریا سوود لە فڕۆکەخانەکانی ئێران ببینیت.

زیاتر روونی دەکاتەوە، هەرچەند فڕۆکەخانەکانمان بەڕووی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیادا واڵا کردوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران کۆمەڵێک رێوشوێنی داناوە بۆ جیاکردنەوەی هێرشەکان و رەنگە رێگە نەدرێت بۆ هەموو مەبەستیکی مۆسکۆ لە سووریا ئەو فڕۆکەخانانە بەکار بهێندرێن.

پێشتر کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی رای گەیاندبو ریگەی بە فڕۆکە جەنگیەکانی رووسیا داوە تەنیا لە فڕۆکەخانەی سەربازی کەڵک وەربگرن بۆ لێدانی تیرۆریستان لەناو خاکی سووریادا.

هاوکات لەگەڵ ئەو لێدوانەی محەمەدجەواد زەریف، ئەمڕۆ حەسەن رووحانی سەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری رووسیا کۆ بوویەوە.

رووسیا و کۆماری ئیسلامی ئێران دوو پاڵپشتی سەرەکی رژێمی بەشار ئەسەدن لە سووریا و تا ئێستە بۆ پاراستنی ئەو رژێمە لەڕووی سەربازی و سیاسییەوە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیان لێ کردوە.

سەرچاوە/دویچەوێلە


وشە - هیدایه‌ت جان