ئەنجوومەنی ڕاوێژكاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن چەند بڕیارێكی نوێی لەسەر قەرزی كۆمپانیاكان و لۆگۆی تەكسیەكانی هەرێمی كوردستان و پرۆژەی ئینتەرنێتی نوێی ( FTTH ) و گۆڕینی ئینتەرنێتی حكوومی بۆ سیستەمی ( FTTG ) دەركرد.
ئەمڕۆ سێشەم ئەنجوومەنی ڕاوێژكاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڕیاریدا بەوەی نوسراو ئاڕاستەی هەموو ئەو كۆمپانیایانە بكرێت كە پارەی رسوماتی وەزارەت قەرزارن و تاوەكو ئێستا نەیانداوەتەوە (بەفرۆكەخانەكانیشەوە) بۆیە هەر كۆمپانیایەك سەرپێچی بكات بەپێی یاساو رێنماییەكان هەڵسوكەوتیان لەگەڵ دەكرێت.
لە كۆبونەوەكەی ئەنجوومەنی ڕاوێژكاری وەزارەت بریتی بوو لە تەندەرین كرد بۆ پڕۆژەی ئاڕم و لۆگۆی تەكسیەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەم خاڵەش بڕیاردرا بەوەی نوسراو ئاڕاستە بكرێت بۆ وەزارەتەكانی ناوخۆ بۆ مەبەستی دیاریكردنی نوێنەرێكیان لەبەڕێوبەرایەتی گشتی هاتوچۆ و وەزارەتی داراییش بەمەبەستی ڕاوبۆچونیان لەسەر تەندەرینەكە.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیارێكیتری ئەنجوومەنی ڕاوێژكاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بریتی بوو لەوەی كە پرۆژەی ئینتەرنێتی ( FTTH ) بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان بەسەرجەم قەزاو ناحیەكانیانەوە جێ بەجێ بكرێت و پشكی داهاتی وەزارەتیش لەسەر بنەمای هاوبەش ( USER ) دیاری بكرێت.
تەوەرەی كۆتایی كۆبونەوەی ئەنجوومەنی ڕاوێژكاری وەزارەتی گواستنەوە، بریتی بوو لە بیرۆكەی گۆڕینی ئینتەرنێتی حكوومی بۆ سیستەمی ( FTTG ) و بڕیاردرا داوا لە كۆمپانیای تارین نێت بكرێت ئینتەرنێتی دام و دەزگاكانی حكوومەت لە سیستەمی ئێستادا بگۆڕیت بۆ سیستەمی ( FTTG )، بەڵام بەمەرجی ئەوەی بەهەمان نرخ جێ بەجێی بكات ، هەروەها كۆمپانیا تێچووی پڕۆژەكە لە ئەستۆی خۆی بگرێت و لەبەرامبەردا ئەگەر كۆمپانیا داوای درێژكردنەوەی ماوەی گرێبەستی كرد ئەوا وەزارەت بۆی جێ بەجێ دەكات.