ئەو فەرمانگەیەی بە زووترین كات بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی جێبەجێ‌ كرد

:: PM:06:05:28/03/2017 ‌
سەرجەم فەرمانگە حكوومییەكانی كەركووك بە تەوسەوە چاوەڕوانی بڕیاری پەسند كردنی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانیان لە ئەنجوومەنی پارێزگەی شارەكە دەكرد و فەرمانگەیەك چەند خولەكێك دوای پەسند كردنەكە، گەورەترین ئاڵای كوردستانی بە باڵای تەلاری بەڕێوەبەرایەتییەكەیاندا شۆڕ كردەوە و بوونە یەكەمین فەرمانگەی جێبەجێكاری بڕیارەكە لە كەركووك.

ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئادار، شێرزاد ڕەشید كاكە بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەرچەندە ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی كوردی لە ساڵی (2010)ەوە ئاڵای كوردستانمان لەسەر سەرجەم قوتابخانەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی كوردی هەڵكردووە و ساڵانە لە ڕۆژی ئاڵادا نوێیان دەكەینەوە، بەڵام ئەمڕۆ چەند خولەكێك دوای پەسند كردنی بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر فەرمانگە حكوومییەكانی كەركووك، گەورەترین ئاڵای كوردستانمان لەگەڵ گوتنەوەی سروودی (ئەی ڕەقیب) بە باڵای تەلاری فەرمانگەكەماندا شۆڕ كردەوە و لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووكمان جێبەجێ كرد.

زیاتر گوتی، هەڵكردنی ئەم ئاڵایە بۆ ئیستیفزاز كردنی هیچ لایەن و پێكهاتەیەكی ئەم شارە نییە و لەم ڕێوڕەسمەی ئەمڕۆماندا خوشكان و برایانی نەتەوەی عەرەب و توركمانیشمان لەگەڵدا بوو و داوایان لێ دەكەین ئەم ئاڵایە تەنیا بە ئاڵای كوردی هەژمار نەكەن و ببێتە سیمبولی ئەوانیش، چونكە سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە لە سایەی خەبات و تێكۆشانی برایانی پێشمەرگەی كوردستان و لە ژێر ئەم ئاڵایەدا پارێزراون و بەرگرییان لێ دەكرێت.

ڕەشید كاكە ئەوەشی ڕوون كردەوە كە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر فەرمانگەكاندا پێچەوانەی هیچ دەستوور و یاسایەك نییە و وای بۆ دەچم، كە ئەو دەنگە ناڕەزایییەی ئەمڕۆش كە لەلایەن چەند گرووپ و تاقمێكەوە بەرزكراوەتەوە كە گوایە بە هەڵكردنی ئەم ئاڵایە ئاژاوە و دووبەرەكی لەنێوان نەتەوەكانی كەركووكدا دێنێتە ئاراوەن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دوای گفتوگۆ و ڕوون كردنەوە، ئەوانیش لەم هەڵوێستەیان پاشگەز ببنەوە و پرۆسەكە بە ئاسایی وەربگرن و داواش لە كوردانی شارەكە دەكەم بە شێوەیەكی زۆر شارستانیانە ئاهەنگ بەم بۆنەیەوە بگێڕن و هیچ پێكهاتەیەكی تری كەركووك ئیستفزاز نەكەن و شارەكە لە پەرچە كرداری هەلپەرستاندا دووربخەنەوە.

لە 14ی ئەم مانگەدا پارێزگاری كەركووك پێشنیازی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لە سەرجەم فەرمانگە حكوومییەكانی شارەكە كرد و لە كاتی كردنەوەی ئاگری نەورۆزیشدا ئاڵایەكی گەورەی لە پاڵ ئاڵای عێراق لەسەر قەڵای كەركووك هەڵدا و ئەمڕۆش پێشنیازەكە بە زۆرینەی دەنگ لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووك پەسند كرا و بووە مایەی خۆشحاڵی زۆرێك لە دانیشتوانی شارەكە.

كەركووك – نەبەز ڕۆستەم 






وشە - عه‌لی سدیق