گه‌رمیان.. گەنجانی كورد له‌ ریزەكانی حەشدی شەعبی ناونووس ده‌كرێن

:: PM:06:38:28/03/2017 ‌
بەرپرسانی حزبی و رێكخراوەیی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و خانەقین، باس له‌ چوونی گه‌نجانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ ده‌كه‌ن بۆ ریزەكانی حەشدی شەعبی، شایەتحاڵیكی نزیكیش له‌ رووداوه‌كان ئه‌وه‌ پشت راست ده‌كاته‌وه‌.


رەهیل جاف، گوته‌بێژی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، لە سنوری گەرمیان ناو تۆماركردن بۆ ریزەكانی حەشدی شەعبی بوونی هەیە و ئه‌و حاڵه‌ته‌ش له‌ ناوچەیه‌كەوە بۆ ناوچەیەكی تر دەگۆرێت بۆ نموونە لە كفری بە ئاشكرا ناو تۆمار دەكرێت.

جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ناو نووسینی گەنجانی كورد لە سنوری ئیدارەی گەرمیان و خانەقین بۆ ریزەكانی حەشدی شەعبی بەردەوامی هەیە و بە پارەی زۆر و بیانوی پاراستنی گیانی گەنجان، گەنجانی كورد بۆ ریزەكانیان دەنووسن.

زیاتر گوتی، ئەگەرچی خراپی دۆخی تەناهی سنوری نەفتخانە و كوشتنی چەكدارانی حەشد بۆتە هۆكاری وازهێنانی هەندێك لە گەنجان.

هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ عەمید عەلی محەمەد، بەرێوەبەری ئاسایشی گەرمیان به‌ "وشە"ی راگه‌یاند، باوه‌ڕ ناكه‌م لە گەرمیان ناو تۆمار بكرێت بۆ ریزەكانی حەشدی شەعبی، ئەگەر هەشبێ من ئاگاداری نیم. 

لای خۆیه‌وه‌، بڵیسە جەبار فرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێنی نیشتمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوان هەماهەنگ و هاوكاری حەشد نین لەناو تۆماركردنی گەنجانی كورد له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ لە ریزەكانی حەشدی شەعبی.

زیاتر گوتی، گەنجان پەیوەستیش بن بەو هێزەوە هۆكارەكەی بۆ بژێۆی دەگەرێتەوە نەك هۆگربوون بەهێزەكەوە بە رێباز و ئایدیا.

عەباس هەواس بەرپرسی سەنتەری زانیاری بۆهەواڵ لەگەرمیان بۆ "وشە"  ئاشكرای كرد، چەند گەنجێك لە گەرمیان و شارەزور كە حەشدی شەعبی لەرێگەی پێدانی مووچە لە خۆی نزیك كردونه‌ته‌وه‌، كاریان بۆ ده‌كه‌ن بۆ ناو نووسینی گه‌نجانی كورد له‌ ریزه‌كانیان.

زیاتر گووتی، لەرێگەی جۆر بەجۆرەوە حەشدی شەعبی پەیوەندی لەگەڵ كەسانێك دروست دەكات لەشارەكانی كوردستان بۆ ناونووسین.


 گەرمیان: سەبری هۆرینی.


وشە - عه‌لی سدیق