لە كەركووك چالاكییە هونەرییەكان بە بۆنەی یادەكانی ئادار و نەورۆز بەردەوامن و قوتابیانی كوردی شارەكە لە پیشانگەیەكدا بیرۆكە زانستییەكان و جۆرەكانی هونەر و كولتووری كوردییان نمایش كرد.
خەلیل ئیبراهیم سەرپەرشتیاری یەكەمی دواناوەندی لە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی كوردی لە كەركووك، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئادار بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و ڕاپەڕین پێشانگەیەكی هونەریمان لە ناوەندیی خانزادی كچان كردەوە، كە بیرۆكەی زانستیی فیزیا و زیندەوهرزانی و بیركاری و كیمیای تێدا نمایش كرابوو لەگەڵ هونەری دەستیی قوتابیان، كە بە هەماهەنگی مامۆستایانی پسپۆڕی بابەتەكان ئامادەكرابوون.
زیاتر گوتی، ئەوەی مایەی سەرنج ڕاكێشانی ئێمە و میوانانی پیشانگەكە بوو، ئەو كارە هونەرییانە بوون كە گوزارشتیان لە خەبات و قوربانی پێشمەرگەی كوردستان دەكرد. ئەو بەشەی كە تایبەتیش بوو بە خواردن و كەلوپەلی كولتووری كوردەواری گێڕانەوەمان بوو بۆ سەردەمانی پیشوومان و باب و باپیرانی ئێمەیان هێنایەوە بیر بینەرانی پیشانگەكە.
مامۆستا لەیلا ڕەمەزان بەڕێوەبەری قوتابخانەكەش ڕوونی كردەوە، ئێمە ساڵانە مامۆستایانی پسپۆڕ بە هەماهەنگی لەگەڵ قوتابیان بەرهەمی هزر و بیرۆكەی زانستی پێشكەش بە ئامادەبووان دەكەین و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی سەرپەرشتییان دەكەن. مەبەستیشمان لە كردنەوەی ئەم پیشانگەیە، دەرخستنی توانا زانستی و هونەرییەكانی قوتابیان و هاندانیانە بۆ ئەفراندن و داهێنان.
لەنجە عەلی، قوتابییەكی بەشداری ئەم پیشانگەیەیە، بە "وشە"ی گوت، زۆربەی ئەو بەرهەمانەی لێرەدا نمایشم كردووە بریتین لەو وێنە فۆتۆگرافییانەی باوكم لە بەرەكانی شەڕی دژە داعش گرتوویهتی و ویستم بەو وێنانە قارەمانێتیی برایانی پێشمەرگەمان بخەمە بەر دیدی میوانانی ئەم پیشانگەیەمان.
كەركووك: نەبەز ڕۆستەم.