به‌م زووانه‌ وه‌رده‌گیرێنه‌وه‌
%80ی زەویەکانی ئاكرێ‌ لە دەست تەریقەتە ئاینیەكانە

:: PM:06:46:28/03/2017 ‌
چەندان ساڵە شارەوانی ئاكرێ‌ بە دەست كەمی زەوییەوە دەنالێت و خەڵكێكی زۆر چاوەرێی ‌وەرگرتنی پارچە زەوییەكن، هۆكاری سەرەكیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشی هەرە زۆری زەوییەكانی ئاكرێ‌ بە تایبەتی ناوەندی شارۆكەكە لەدەست تەریقەتە ئاینییەكاندان و ئەمەش كێشەی نیشتەجێبوونی لە ئاكرێ‌ دروست كردووە.

برقی زێباری یەكێكە لە پێشمەرگە بریندارەكانی ئاكرێ‌ و دوو مانگ پێش ئێستە خانویەكی لەسەر یەكێك لە مولكەكانی ناوەندی شارۆكەی ئاكرێ‌ دروست كردوە، بەڵام بەهۆی هەوڵەكانی تەریقەتی گەیلانی لە لایەن شارەوانی ئاكرێ‌ خانوەكەی لێ روخێنرا.

زێباری لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" رای دەگەیەنێت، هەموو موڵكەكانی ئاكرێ‌ لەژێر دەسەڵاتی تەریقەتە ئاینییەكاندایە و ئەوانیش نە دەیفرۆشن و نە دەشیكەن بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون، سالانێكە بە رووح و گیانەوە خزمەت بە كوردستان دەكەم و تا ئێستە پارچەیەك زەویم نیە بۆ ئەوەی بیكەمە خانو و خێزان و منداڵەكانمی لەناودا بگیرسێنمەوە و ئێستەیش خانویەكم دروست كردوە و لەلایەن شارەوانییەوە رووخێنراوە و لەژێر كەپرێكی نایلوندا دژیم.

بلندرەزا زێباری سەرۆكی شارەوانی ئاكرێ‌ لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" ئاشكرای دەكات، ساڵانێكی زۆرە موڵكەكانی شارەوانی ئاكرێ‌ لەژێر دەسەڵاتی تەریقەتە ئاینییەكاندایە، تەنانەت لە هەندێك شوێنی سەنتەری شارۆكەی ئاكرێ‌ هەموو زەوییەكان لەدەست ئەواندایە و لە هەندێ‌ شوێن نیوەی زەویەكان لەژێر دەسەڵاتی ئەوانە، ئێمە ناتوانین هیچ پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون یاخود وەبەرهینان لەسەر ئەو زەویانە دروست بكەین یان بیانكەین بە پارچە زەوی و بەسەر فەرمانبەر و ماموستا و پێشمەرگە و خەلكیتر دابەشیان بكەین كە ساڵانێكی زۆرە چاوەرێی وەرگرتنی پارچەیەك زەوی دەكەن .

زیاتر روونی دەكاتەوە، بو سەندنەوە و گەڕانەوەی هەموو ئەو موڵكانە بۆسەر شارەوانی، لیژنەیەكمان پێك هێناوە بۆ ئەوەی ئەو مولكانە بكوژێننەوە و  بخرێنەوە ژێر دەسەڵاتی شارەوانی بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین پرۆژە و خزمەتگوزاری لەسەر ئەو مولكانە بۆ خەلك درۆست بكەین.

موحسین رەمەزان پارێزەری تەریقەتی قادری و گەیلانییەكان بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دەكات، هەموو ئەو موڵكانەی باس دەكرێت بەپێی یاسا و تاپۆ،  موڵكی گەیلانییەكانە و لە لایەن حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە پەسەند كراون، بەڵام لێرەو لەوێ‌ لە لایەن شارەوانی و خەلكانێكی تر كێشە بۆ موڵكەكان دروست دەكرێت و زێدەڕۆیی زۆریان لەسەر كراوە.

دووپاتی دەكاتەوە، وەك قادری و گەیلانیەكان ئامەدەین هەركات حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی شارەوانی ئاكرێ‌ لیژنەیەكیان پێك هینا بو ئەوەی ئەو مولكانە یەكلابكرێنەوە  هاوكاریان بین، بەڵام نابێت بەهیچ شێوەیەك ستەم لە ئێمە بكرێت، هەر چەندە هەندێك لە موڵكەكانمان یەكلایی كراونەتەوە و ستەمێكی زۆر كراوە، بو نموونە لەجیاتی زەوی كشتوكاڵی، زەوی نیشتەجێبوون بە گەیلانیەكان دراوە ، بەڵام نامانەوێت بە پاساوی موڵكی دەوڵەت ستەم لە ئێمە بكرێت، چونكە ئەو موڵكانە بەپێی یاسا هی گەیلانیەكانن.

"بەشێكی زۆری ئەو مولكانەی لەژێر دەسەڵاتی گەیلانیەكان دان، مولكی بەردینن و بە كەڵكی هیچ شتێك نایەن، هەشە بۆ كشتوكاڵ و نیشتەجێبوون لەبارە، بەڵام تا ئێستە هیچ پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون و وەبەرهێنان و كشتوكاڵ لەسەریان نەكراوە وهۆكاری سەرەكیش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی موڵكەكان كێشەیان لەسەرە و بەشێكیشی زێدەڕۆییان لەسەر كراوە، لەگەڵ ئەوەش هەندێك‌ لەو موڵكانە لە لایەن گەیلانیەكانەوە بازاری لەسەر دروست كراوە و خۆیان بەڕێوەی دەبەن" موحسین رەمەزان وای گوت.

ئەو زەویانەی گەیلانییەكان بە موڵكی خۆیانی دەزانن، لە ساڵانی 1950 لەلایەن حكومەتی عیراقەوە پێیان دراوە و دواتر لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پەسەند كراون، ئێستە حكومەت دەیهەوێ پێداچوونەوەیەكی نوێ بەو زەویانەدا بكاتەوە و بەشێكیان بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی بۆ دەربازبوونی ئەو شارۆكەیە لە تەنگژەی نیشتەجێبوون.

ئاكرێ/نەوزاد هلۆری.


وشە - هیدایه‌ت جان