ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە كۆی دەنگ بڕیاری دا ئاڵای كوردستان شان بە شانی ئاڵای عێراق هەڵبكرێت لەسەرجەم دەزگا حكوومی و ناحكوومییەكانی پارێزگاكە، سەرۆكی ئەنجوومەنەكەش ئاشكرای دەكات 28 ئاداری هەموو ساڵێك ڕۆژێكی نیشتمانیە لەشاری كەركووك.
ئەمڕۆ سێشەم ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوی كردەوە، بە كۆی دەنگ بڕیار درا ئاڵای كوردستان شان بە شانی ئاڵای عێراق هەڵبكرێت لەسەرجەم دەزگە حكوومی و ناحكوومییەكانی پارێزگاكە، هەروهها بڕیاردرا بەرواری 28ی ئادار لە هەموو سالێك رۆژێكی نیشتیمانی بێت بۆ پارێزگای كەركووك بۆ زیندوو راگردنی یادی بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، لە میانەی كۆبوونەوەی (377)ی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەن و بەرپرسان و نوێنەرانی حیزبی و بزوتنەوە سیاسیەكان لە پارێزگاكە و هاوڵاتیان ئەو بڕیارە پەسەند كرا.
لە 12 ئادار پارێزگاری كەركووك داواكاریەكی پێشكەشی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كرد بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان شان بە شانی ئاڵای كۆماری عێرا ق لە سەرجەم فەرمانگە حكوومییەكان و كۆمپانییە گشتییەكانی سەر بە وەزارەتەكان.